تانکی غازی خۆمانە کە لە سلێمانی دروست دەکرێت. فۆتۆ: 964
هۆشداری دەدرێتە هاوڵاتیان
“تانکی غازی کۆنە دێنن و بۆیاخی دەکەنەوە”
+964
دیلان محەمەد جەزا
هاوڵاتیان ئاگادار دەکرێنەوە لەو تانکی غازانەی لە دەرەوەی وڵاتەوە دێن، بەڕێوەبەری گەشەپێدانی پیشەسازی سلێمانی دەڵێت، زۆرێک لەو تانکیانەی لە دەرەوە دێن کۆنەن و بۆیاخ دەکرێنەوە.
محەمەد جەبار بەڕێوەبەری گەشەپێدانی پیشەسازیی سلێمانی بە 964 وت، هاوڵاتیان پێویستە هۆشیاربن لە کاتی کڕینی تانکی غازی شل، ئەو تانکیانە نەکڕن لە دەرەوەی وڵات دێن، لە بری ئەوە لە شاری سلێمانی کارگەی تایبەت بە دروستکردنی تانکی هەیە.
باسی لەوەش کرد، ئەو تانکیانەی لە وڵاتی تورکیاوە دێن زۆرێکیان تانکی بەکارهاتوون و بۆیاخ کراون و نێردراون بۆ ئێرە، زۆرێکیان لە پشکنیندا دەرناچن.
هەروەها دەڵێت، تانکی غاز تەمەنی هەیە و کاتژمێرەکانی کارکردنی لەسەر دیاریکراوە، پێویستە دوای 15 ساڵ هەموو ساڵێک بپشکندرێت.
بەڕێوەبەری گەشەپێدانی پیشەسازی سلێمانی وتی: “گرفتی هاوڵاتیان ئێستا گرانیی نرخی پشکنینی سیستمی غازەکانیانە، ئەگەر تانکی غاز لە کارگە خۆماڵییەکان بکڕن، تا 10 ساڵی دیکە پشکنینی بۆ ناکرێت، لەبەر ئەوەی لە ژێر چاودێریی وەزارەتی بازرگانی عێراق بە تایبەتمەندییەوە دەپشکندرێن پێش فرۆشتنی”.
ئێستا لە بازاڕدا سێ جۆر تانکی غاز هەیە، هەریەکە لە تورکی و ئیتالی و خۆماڵی، زۆرێک لەو تانکی غازانەی لە دەرەوە دێن، وەک بەڕێوەبەری گەشەپێدانی پیشەسازی سلێمانی دەڵێت، بەکارهاتوون.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا