بڕینەوەی دار بەبێ مۆڵەت قەدەغەیە
نرخی دار لە دهۆک بەرزبووەتەوە
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
بەهۆی هاتنەوەی وەرزی زستان و نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما، ماوەی چەند هەفتەیەکە نرخی دار بەرزبووەتەوە و ئەمساڵ زۆربەی هاوڵاتیانی شاری دهۆک و دەوروبەری سۆپای داریان داناوە بۆ خۆگەرمکردنەوە.
هەرچەندە بڕینەوەی دار قەدەغەیە، بەڵام بە وتەی ئەو کەسانەی کڕین و فرۆشتنی پێوەدەکەن، بەراورد بە ساڵی رابردوو، ئەمساڵ نرخی پیکابێک دار نزیکەی دوو هێندە زیادی کردووە.
فرۆشیارێکی دار، کە بە پیکاب دار دەفرۆشێت، نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە 964ـى وت، نرخی دار لە ئەمساڵدا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، بەهۆی بەرزبوونەوەی خواست لەسەری.
نرخی پیکابێت دار، ساڵی رابردوو لە سنووری پارێزگای دهۆک نزیکەی 50 بۆ 80 هەزار دینار بوو، ئەمساڵ نرخەکەی لە نێوان 100 بۆ 150 هەزار دیناردایە.
عەبدولستار عەبدولحەمید، وتەبێژی هێزی پێشمەرگەی ژینگە بە 964ـى وت، “ئێمە رێگە بە هیچ کەسێک نادەین بازرگانی بە دارەوە بکات، مەفرەزەکانی ئێمەش هەمیشە چاودێریی دارستانەکان دەکەن”.
وتیشی، هەر هاوڵاتیەک بیەوێت بۆ وەرزی زستان دار ببڕێت، پێویستە بێتە بەڕێوەبەرایەتی هێزەکانی ژینگەی پێشمەرگە بۆ ئەوەی مۆڵەتی پێبدرێت، ئەو دارەی کە دەبڕدرێتەوە دەبێت وشک بێت، لیژنەکانی پێشمەرگە دەچنە شوێنەکە و دواتر بڕیار لە پێدانی مۆڵەت دەدەن.
“ئەمساڵ تا ئێستا 34 کەس لەسەر بڕینەوەی دارە تەڕەکان بە مەبەستی بازرگانیکردن دەستگیرکراون و رەوانەی دادگا کراون”، عەبدولستار عەبدولحرمید وای وت.
پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر