بۆ رێگری لە لافاو و دابینکردنی ئاو

عێراق 14 ملیار دیناری بۆ هەولێر خەرج کرد

964+

توانا نەقی

حکومەتی عێراق رەزامەندی دەربڕی لەسەر خەرجکردنی بڕی 14 ملیار دینار لەسەر بودجەی فریاکەوتنی عێراق بۆ هەولێر.

ئەمڕۆ هەینی پارێزگای هەولێر بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی پارێزگارى هەولێر پڕۆژە پلانێکى بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا و بابەتی لافاو و دابینكردنی ئاو بە گوژمەی (14 ملیار دینار) ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد، ئێستا خەرجکردنی پارەکە پەسەند کراوە.

دەشڵێت، لە 21.11.2023 ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق بە نووسراوى ژمارە (56997) کە ئاڕاستەى وەزارەتى دارایی حکومەتى عێراق کراوە، رەزامەندیدا لە سەر تەرخانکردنى بودجەى پێویست بە خەرجکردنى 14 ملیار دینار لەسەر بودجەى فریاکەوتنى عێراق بۆ هەولێر بۆ دروستکردن و جێبەجێکردنى پڕۆژەکان.

پرۆژەکەی هەولێر بۆ بابەتی لافاو و دابینکردنی ئاو لە کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای نیشتیمانی ئاو بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی قسەی لەسەر کرابوو.

پڕۆژەکان کە بەو پارەیە ئەنجام دەدرێت خۆی دەبینێتەوە لە، لێدانی ژمارەیەک بیری تازە، دروستکردنى ژمارەیەک پۆند و چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەى پڕۆژەکانی ئاو، هەروەها رووبەڕووبوونەوەى گۆڕانکارییەکانى کەش و هەوا لە پارێزگاى هەولێر.