بڕیاری هاتوچۆی سۆرانە
سەیارەی بێ سەرەتا بۆی نیە لە بازاری سۆران بوەستێت
964+
ئاکام غەفور – سۆران
چەند ساڵێکە پۆلیسی سۆران هەر ئۆتۆمبێڵێکی بێ سەرەتا لەناو بازاڕی سۆران ببینێت دەم و دەست لەگەڵ خۆیان دەیبەن و وەک ئۆتۆمبێڵی دەستبەسەرداگیراو مامەڵەی لەگەڵ دەکەن.
نیاز مەجید خاوەن پیکابێکی بێ سەرەتایە بۆ 964 قسەیکردووە دەڵێت، “منیش حەزم دەکرد ئۆتۆمبێڵەکەم ژمارەی هەبێت، بەڵام نرخەکەی زۆرە و توانام نییە، بژێوی ژیانم لەسەر ئەم پیکابەیە، ناتوانم بەدڵی خۆم لە بازاڕ رایگرم”.
هاتوچۆی سۆران قسەی جیاوازی هەیە، موحسین تەحسین بەرپرسی راگەیاندنی هاتوچۆی ئیدارەی سۆران بە 964ی وت، “ئەو بڕیارەی هاتوچۆ لەبەرژەوندی شۆفێرانە، ئۆتۆمبێلی بێ ژمارە کێشەی زۆری لە ناو بازار بۆ دروست دەکردین”.
بەوتەی موحسین تەحسین بێت ئەو ئۆتۆمبێڵانە لە بەیانی تا ئێوارە رێگای خەڵکیان دەگرت و قەرەباڵغیان دروستدەکرد، بەڵام نەماندەتوانی سەرپێچیان بۆ تۆمار بکەین”.
بەگوێرەی زانیاریەکان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، زیاتر لە هەشت هەزار و 500 ئۆتۆمبێڵی بێ سەرەتا هەیە، نە مەنەفێست و نە ژمارەیان هەیە.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی