بەهۆی گەڕانەوەی ژمارەیەکی زۆری ئاوارەکان بووە
شارۆچکەی سەعدیە بنکەیەکی نوێی پۆلیسی بۆ کرایەوە
964+
راژان باجەڵان – خانەقین
گەڕانەوەی ژمارەیەکی زۆری ئاوارەکان بۆ سەعدیە وای لە بەرپرسانی ئەمنی ناوچەکە کردووە بڕیاری دامەزراندنی بنکەیەکی نوێی پۆلیس لە سەعدیە بدەن.
پێشتر لە شارەکەدا تەنیا یەک بنکەی پۆلیس هەبوو، دووەمیشیان لە حەمرین بوو و هەردووکیان سەر بە بەشی پۆلیسی جەلەولا بوون.
بەرێوەبەری بەشی پۆلیسی سەعدییە عەقید کازم عەباس حوسێن بە 964ی وت، بەهۆی فراوانبوونی سنورەکە و زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان و هاتنەوەی خێزانە ئاوارەکان، بڕیاردرا بەشی پۆلیسی سەعدییە بکرێتەوە.
عەقید کازم عەباس ئەوەشی وت ئێستا هەریەکە لە بنکەی پۆلیسی بازاڕ و بنکەی پۆلیسی عەسریە و بنکەی حەمرین کە سەرجەمیان دەکەونە ژێر کۆنتڕۆڵی بەشی پۆلیسی سەعدییە.
شارۆچکەی سەعدییە بەدووری 30 کیلۆمەتر دەکەوێتە باشوری شاری خانەقین و سەر بە هەمان قەزایە.
دوای رووخانی خەلافەتی چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لەو ناوچانە دووبارە ژیان ئاسایی بووەتەوە و ئاوەدانی دانیشتوان رووی لە ناوچەکە کردووە.
پێداچونەوە: شاخەوان عومەر