ناوبانگی “تور”ی قەڵبەزە بازاڕی تەنیوە
964+
بڕوا مەجید – شارەزوور
گوندێکی ناحیەی زەڕەیان لە قەزای شارەزوور، خاکێکی بە پیت و جیاوازی هەیە، ئەمە وایکردووە ئەو بەرهەمانەی لەوێ دەچێنرێن بەتام و بەچێژ بن.
یەکێک لەو بەرهەمە کشتوکاڵیانەی، کە لە گوندەکە دەچێنرێت و خواستێکی زۆری لەسەرە، تورە ئاودار و بەتامەکەیەتی، هەر جوتیارێک ناوی گوندی قەڵبەزەی لێبهێنێت، هەر زوو تورەکەی سەرف دەبێت.
گوندی قەڵبەزە بە دووری 20 کیلۆمەتر دەکەوێتە سنووری ناحیەی زەڕایەن لە قەزای شارەزوور، سنووری گوندەکە نزیکە لە ڕوباری سیروان.
عەلی حوسێن، جوتیارێکی تەمەن 53 ساڵی شارەزوورە، رۆژانە لە بازاڕی قەزاکە تور و شێلمی قەڵبەزە دەفرۆشێت، ئەو بە 964ی وت، “تورەکەی من سوور و پڕ و ئاودارە، لە گوندی قەڵبەزەی شارەزوور بەرهەمی دێنین، تورەکەم لە بازاڕدا ناوبانگی باشی هەیە، لەلایەن هاوڵاتیانەوە خواستی زۆر لەسەرە، چونکە توری قەڵبەزەیە”.
بە وتەی جوتیاران، جۆری خاک و ئاو و هەوای گوندی قەڵبەزە وایکردووە کە تورێکی باش و بەتامی هەبێت.
تور چەند جۆرێکی هەیە، وەک تورە سوورە و سپی و پەمەیی و گێزەری و چەند جۆرێکی تر، ماوەی 60 رۆژی دەوێت تا پێدەگات و دەیهێنینە بازاڕەوە.
پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر