پسپۆرێک: تەلەفزیۆن 10 ساڵی لە بەردەمدا ماوە
راپرسییەک؛ 60%ی گرتە ڤیدیۆییەکانی سۆشیال میدیا لە تەلەفزیۆنەوە وەردەگیرێن
964+
ئەحمەد مستەفا
ئەمڕۆ 21ی تشرینی دووەم، لە جیهان یادی لە دروستبوونی تەلەفزیۆنە وەک یەکێک لە ئامڕازەکانی پێ راگەیاندن، بەڵام پاش ساڵانێک ئێستا توێژینەوەکان ئاشکرای دەکەن زۆرینەی بەرهەمەکانی ئەم شاشەیە لە سۆشیال میدیا بڵاودەکرێنەوە.
لە ساڵی 1996 ئەنجومەنی گشتیی نەتەوە یەكگرتوەكان رۆژی 21 تشرینی دووەمی بە رۆژی جیهانی تەلەفزیۆن دیاریكرد، ئامانج لە دیاریكردنی ئەو رۆژەش، بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی حكومەت و رێكخراوەكان و كەسایەتییەكانە بۆ پەخشی تەلەفزیۆنیی، پێشكەشكردنی بێلایەنانەی زانیاریی لەبارەی پرس و رووداوە گرنكەكان كە كاریگەرییان لەسەر كۆمەڵ دەبێت.
لە دوا توێژینەوەی زانستیدا کە لە کۆنفرانسی میدیای دیجیتاڵی لە دوبەی پێشکەشکرا، ئەوەیان ئاشکراکرد کە 60%ی گرتە ڤیدیۆییەکانی ناو چەناڵەکانی سۆشیال میدیا هەمان ئەو گرتە ڤیدیۆیانەن کە لە تەلەفزیۆنەکان وەردەگیرێن یان وەرگیراون و پەخشکراونەتەوە.
بڵند نەورەس، پسپۆری میدیا و مامۆستای زانکۆ پێی وایە، “تەلەفزیۆن ئاوێتە بووە لەگەڵ دیجیتاڵ و سۆشیال میدیادا، ئەم ئاوێتەبوونە، بەجۆرێکە کە سەرجەم کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان چەناڵ و پێگە و ماڵێکییان بۆخۆیان بنیاد ناوە لەناو سۆشیال میدیادا”.
ئەو پسپۆرە دەڵێت، “تا 10 ساڵی ئایندەش تەلەفزیۆنە زەبەلاحەکانی لێدەرچێت، ئەوانی تر توانای دارایی زۆر ناخەنە خزمەتی تەلەفزیۆنەوە، کۆکبوون ئەوەیە کە تەلەفزیۆن 10 ساڵی لە بەردەمدا ماوە بۆ مانەوە، یان سۆشیال میدیا دەخاتە خزمەتی خۆیەوە، یان چۆک دەدات و ئەویش دەبێت بە بەشێک لە فەزای سۆشیال میدیا و کۆتایی پێدێت”.