میری ئێزیدیان داوا لە تورکیا دەکات دۆخی شنگال ئاسایی بکرێتەوە
+964
میری ئێزیدیان لە كۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی توركیادا داوای كردووە رێككەوتننامەی شنگال جێبەجێ بكرێت.
رۆژی چوارشەممە، 28ی ئەم مانگە، میر تەحسین سەعید عەلی بەگ، میری ئێزیدییەكانی كوردستان، لەسەر داوای مەولود چاوش ئۆغڵۆ وەزیری دەرەوەی توركیا سەردانی توركیای كرد.
هەكار تەحسین كوڕی میری ئێزیدیان، بە+964ی راگەیاند، كۆبوونەوەكە لە ئەنكەرە ئەنجامدراوە، میر بە بانگێهشتنامەی فەرمی سەردانی توركیای كرد و لەگەڵ وەزیری دەرەوە كۆبووەتەوە.
بە قسەی کوڕەکەی، لە كۆبوونەوەكەدا میری ئێزیدیان وتویەتی پێویستە رێككەوتننامەی شنگال جێبەجێبكرێت و دۆخەکە ئاسایی بكرێتەوە.
رۆژی 9ی 10ی 2020 شاندێکی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ سەردانی شاری بەغدادی كرد بە مەبەستی رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شەنگال، رێككەوتنەكە بە سەرپەرشتی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی ئەو کاتەی عێراق و بە ئامادەبوونی جێنین پلاسخارت نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ عێراق واژۆكرا.
بەپێی زانیارییەکان، وەزیری دەرەوەی توركیا بە میر تەحسین بەگی وتووە، پێویستە ئێزیدیەكان پشتیوانی هیچ گروپێكی چەكداری نەكەن، هەروەها توركیا رۆڵی دەبێت لە ئاوەدانكردنەوەی شنگالدا.