دیمەنێک لەو مێرووانەی لە خورماتوو بڵاو بوونەتەوە. وێنە: 964
هەڵمەتی رشاندنی دژە مێروو دەستیپێکردووە
بەم سەرمایە مێرووی باڵدار واز لە دوزخورماتوو ناهێنێت
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
ماوەی هەفتەیەک دەبێت جۆرێک مێرووی باڵدار لە قەزای دوزخورماتوو دەرکەوتوون، تەندروستی قەزاکە هەڵمەتێکی بۆ رشاندنی باخچەکانی ساوایان دەستپێکردووە هەر بۆ ئەوەی زیان بە منداڵان نەگەیەنێت.
بە گوێرەی سۆراغی پەیامنێری 964 بێت، ماوەیەکە لە قەزای دوزخورماتوو چەند جۆرێکی مێروویی باڵدار لە ژمارەیەک شوێن و باخچەی ساوایانی قەزاکە بینراون، کە بە گوێرەی قسەی لایەنە ئیدارییەکان بێت، لە حاڵەتی گەستن و پێوەدان وادەکات ببێتە هۆی گواستنەوەی نەخۆشی، بە تایبەت نەخۆشییەکانی پێست.
ئەمڕۆ دووشەممە 20.11.2023، محەمەد ئەکبەر بەڕێوبەری گشتیی تەندروستی دوزخورماتوو بە 964ی وت، “لەگەڵ گۆڕینی کەش و هەوا چەندین جۆر مێرووی زیانبەخش پەیدا بوون، لەوانەش مێرووی باڵداری فڕیو کە زیان بە مرۆڤ دەگەیەنن بە تایبەت منداڵان”.
هەڵمەتی کوتان لە دوزخورماتوو دەستیپێکرد
وتیشی، “ئەمجۆرە مێرووانەی پەیدابوون، دەبنە هۆی بڵاوبوونەوە و گواستنەوەی نەخۆشییەکانی پێست، بۆیە بە دەرمانی دژە ڤایرۆس و مێرووە زیانبەخشەکان ئەو شوێنانە دەرمانڕێژ (تەعقیم) دەکەین”.
بەوتەی بەڕێوبەری گشتیی تەندروستی دوزخورماتوو بێت، “هەڵمەتەکە ماوەی هەفتەیەک دەخایەنێت، داواش لە هاوڵاتیان دەکەن هاوکاریان بن لەبوونی لەو جۆڕە مێرووە زیانبەخشانە و دەستبەجێ ئاگاداریان بکەنەوە، بۆ ئەوەی تیمی تەندروستییان بۆ بنێردرێت و شوێنەکە بەدەرمان (تەعقیم) بکەن”.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا