سێ رۆژ بەردەوام دەبێت

بە دەهۆڵ و زوڕنا فێستیڤاڵی شانۆی شەقامی کەرکوک دەستیپێکرد

964+

كاروان ساڵحی – كەركوك

بە بەشداری حەوت وڵات و 24 تیپی شانۆیی، چالاكییەكانی حەوتەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی شەقام لە كەركوك دەستیپێكرد.

ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە، بە بەشداری ژمارەیەكی بەرچاو لە هونەرمەندان و هونەردۆستانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات و دەنگی دهۆڵ و زوڕناكەی شاری سنە و فایەق داودە چالاكییەكانی فێستیڤاڵەكە دەستیپێکرد.

سەرەتا ئامادەبووان و بەشداربووانی فێستیڤاڵەکە بە پیادە لە قەڵای كەركوكەوە بەرەو سەنتەری رۆشنبیری بەڕێكەوتن و پاشان دەست كرا بە ئەنجامدانی چەند نمایشێكی شانۆیی.

نەژاد نەجم سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵەكە بە 964ـی وت، حەوت وڵات و 24 تیپی هونەری بەشدارییان كردووە، نمایشەكان بە زمانی كوردی و عەرەبی و فارسی و ئینگلیزی دەبن.

نمایشەکان بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبن و لە چەند لۆکەیشنێکی جیاوازی کەرکوکدا پێشکەش دەکرێن.

پێداچوونەوە: توانا نەقی