هەفتەی پێشوو کەپرەکانیان لابردبوو
جێگە بۆ کاسبکارانی بازیان دیاریکرا و بەناویان دەکرێت
964+
دیلان محەمەد جەزا
زیادەڕۆییەکانی سەر شەقامی سەرەکی بازیان لابران، لە جێگەیەکی دیکەی ناو بازیان شوێنیان بۆ دابینکرا، سەرۆکی شارەوانی بازیان دەڵێت، ئەو جێگەیانەی پێیاندراوە بەناویان دەکرێت.
نەوزاد جەلال سەرۆکی شارەوانی بازیان بە 964ـی وت، کۆمەڵێک کاسبکار کابینە و کەپریان دانابوو لەسەر شۆستەی شەقامی ناو بازیان، لە هەفتەی رابردوودا شارەوانی بازیان هەستاون بە لابردنیان.
باسی لەوەشکرد، لە پشت مزگەوتی شێخ رەوفی هەنجیرە جێگە بۆ ئەو کاسبکارانە دیاریکراوە، کەپرەکانیان دروست بکەنەوە بەپێی ئەو دیزاینەی لەلایەن شارەوانییەوە دیاریکراوە.
تا ئێستا شەش جێگایان روخاندووە لەسەر شەقامە سەرەکیەکە و بردراونەتە جێگا نوێیەکەیان، لە رۆژانی داهاتوودا ئەوانی دیکەش دەبرێنە هەمان جێگە، بەڵام تا ئێستا ژمارەیان دیار نییە چەندن.
سەرۆکی شارەوانی بازیان دەڵێت، “ئەو جێگەیانەی پێیان دراوە لە داهاتوودا لە رێگەی لیژنەیەکەوە خەمڵاندنی بۆ دەکرێت و کرێیەکی کەمیان لێوەردەگیرێت، ئەو جێگەیە بەناویان دەکرێت، بەڵام بۆیان نییە کڕین و فرۆشتنی پێوە بکەن”.
لەمەودوا ئەو جێگایانە لە ژێر چاودێری تەندروستیدا دەبێت، گەر بێت و جێگەکەیان بکرێتە بینا هەر کەسێکیان دەبێتە خاوەنی دوکانێک لە بیناکەدا لەبەر ئەوەی دەکرێت بە ناویانەوە، سەرۆکی شارەوانی وای وت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی