%60ـی کارەکانی تەواو کراوە

سەرجەم ئاژەڵە بێلانەکانی دهۆک لە شوێنێکدا کۆدەکرێنەوە

964+
زەید کۆچەر – دهۆک

%60ـی کارەکانی پڕۆژەیەکی کۆکردنەوەی ئاژەڵە بێلانەکان لە دهۆک تەواو بووە و لە قۆناغی یەکەمدا سەگە بێلانەکانی تێدا کۆدەکرێتەوە و دواتریش پشیلە و گوێدرێژیش دەبرێنە ئەو شوێنەوە.

پڕۆژەکە بڕی 323 ملیۆن دیناری بۆ تەرخان کراوە و لە حەوت ژوور پێکهاتووە، کە هەریەکێکیان بۆ کارێکی جیاواز بەکاردەهێندرێت و لەسەر رووبەری 11 هەزار مەتر چوارگۆشەیە.

ئیسماعیل مستەفا، بەرپرسی راگەیاندنی سەرۆکایەتی شارەوانی دهۆک بە 964ـی وت، “پێشبینی دەکەین لە ماوەیەکی زۆر کەمدا پڕۆژەکە تەواو بکرێت”.

وتیشی، “پڕۆژەکە باخچە و رێگاوبانی تایبەت بە خۆی لە خۆ دەگرێت و لە هەنگاوی دووەمدا هەرچی سەگ و گوێدرێژی بێلانەشە دەخرێنە ئەو شوێنەوە”.

ئەو شوێنە دەکەوێتە گەڕەکی کڤێلا لە دهۆک و داوای دامەزراندنی 30 کەس کراوە بۆی، کە لە پزیشک و کرێکار و شۆفێر پێکهاتوون.

“پلانمان ئەوەیە سەگ و ئاژەڵە نەخۆشەکانی تر لەو پڕۆژەیەدا چارەسەر بکەین و دواتر دەیانخەسێنین”، ئەوە قسەی سلێمان تەمەر سەعید، یاریدەدەری بەڕێوەبەری ڤێتێرنەری دهۆکە بۆ 964.

کلینکێکی ڤێتێرنەری بۆ سەگە بەڕەڵاکانی دهۆک کرایەوە

کلینکێکی ڤێتێرنەری بۆ سەگە بەڕەڵاکانی دهۆک کرایەوە

پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد