بەشێکیان لەناوچوون

بەرگریی شارستانیی زاخۆ هەزاران ماسی لە مردن رزگار دەکەن

964
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

دوای داخستنی خابوور بۆ پڕۆژەیەکی گەشتیاری به‌شێكی زۆری ماسی لەناوچوون، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌رگریی شارستانی كاریان كرد بۆ رزگاركردنی هه‌زاران ماسیی دیكه‌.

هەفتەیەکە شارەوانیی زاخۆ لەبەر دروستکردنی قۆناغی دووەمی کۆرنیشی پردی دەلال، رووباری خابووری له‌ زاخۆ داخستووە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی هەزاران ماسی لەبەر بێ ئاوی لەناوبچن.

دوای بەدواداچوونی 964 لەسەر ئەم رووداوە، بەرگریی شارستانیی زاخۆ هەڵسا بە رزگارکردن و گواستنەوەی ئەو ماسیانە بۆ نزیک پردی دەلال.

جەمال هەسن، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی زاخۆ بە 964 وتی، “ژمارەیەک تیمی نقومڤانەکانی بەرگریی شارستانیمان راسپارد ئەو ماسیانە لەو شوێنە دەربهێنن و بیانگوازنەوە بۆ نزیک پردی دەلال، بۆ ئەوەی مەترسی لەناوچوون لەسەریان نەمێنێت.

“ئێستا تیمەکان سەرقاڵی دەرهێنانیانن، دواتر بە شێوەیەکی گونجاو دەگوازرێنه‌وه‌ کۆرنیش، تا کار لەو شوێنە تەواو ده‌بێت”، جەمال هه‌سن وای وت.

ئەمە لەکاتێکدایە پێش سێ مانگ قایمقامیەتی زاخۆ زیاتر لە پێنج هەزار ماسی خسته‌ ناو خابوور، بۆ ئەوەی دیمەنی رووباره‌كه‌ جوانتربێت، بەڵام کارکردنی کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەی گەشتیاری، بە ناچاری خابووری داخست، بۆ ئەوەی ئیشی خۆیان بکەن.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

گەنجێک هیچ رۆژێک نانی ماسییەکانی خابوور لەبیرناکات

گەنجێک هیچ رۆژێک نانی ماسییەکانی خابوور لەبیرناکات