بەڕێوەبەری کوشتارگەی سلێمانی وا دەڵێت

ئەگەر گۆشتی بەستوو لەبەشە خۆراکی مانگانە دابەشبکرێت دوو ملیار دۆلار دەچێتە دەرەوە

964+
ئەحمەد مستەفا

بەڕێوبەری کوشتارگەی سلێمانی دەڵێت، دابەشکردنی گۆشتی بەستوو لەلایەن حکومەتی عێراقەوە چارەسەری دابەزینی نرخی گۆشت ناکات لەبازاڕدا، بەڵکو بە وتەی ئەوبێت، “بەهۆی ئەو پڕۆسەیەوە دوو ملیار دۆلار دەچێتە دەرەوەی عێراق”.

حکومەتی عێراق بڕیاری وایە، گۆشتی بەستوو وەک بەشە خۆراکی مانگانە بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشبکات، بەڵام ئەم هەنگاوە، بە پێچەوانەی گرنگیدان بە سامانی ئاژەڵ لە ناوخۆ لێکدەدرێتەوە.

د.شاڵاو عارف، بەڕێوەبەری کوشتارگەری سلێمانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 16.11.2023، بە 964ی وت، “بەدەستهێنان و چەسپاندنی چەمکی ئاسایشی خۆراک بنەمایی دروستبوونی هەموو قەوارە و دەوڵەتێکی بەهێزە لە دونیادا، کەرتی ئاژەڵداری و بەروبوومەکەی راستەوخۆ پەیوەستە بەبوونی ئەو چەمکەی پێی دەوترێت ئاسایشی خۆراک”.

پزیشکێک: ئەگەر حکومەتی عێراق گۆشت دابەش بکات پشکنینی ب...

پزیشکێک: ئەگەر حکومەتی عێراق گۆشت دابەش بکات پشکنینی بۆ دەکەین

بەوتەی ئەو بێت، حکومەتی عێراق وەک مژدە و ستراتیژی چارەسەر بۆ دابەزینی نرخی گۆشت باسی لە دابەشکردنی گۆشتی بەستوو بە نرخی هەرزان کردووە، بەڵام دکتۆر شاڵاو پێی وایە، “جگە لە جیاوازی بەهای خۆراک و تەندروستی نێوان گۆشتی بەستوو و لەگەڵ فرێش، ئەم هەنگاوە چارەی دابەزینی نرخی گۆشت ناکات”.

ئەو لەبەرامبەردا بە سێ رێگا داوایکرد، حکومەتی عێراق هەنگاو بۆ بوژاندنەوەی کەرتی ئاژەڵداری بنێت:

یەکەم/ بەرهەمی ناوخۆ بەرز بکرێتەوە .
دووەم/ بازاڕی ناوخۆ و دەرەوە بۆ بەرهەمەکان ئامادە بکرێت.
سێیەم/ گواستنەوەی کەرتی ئاژەڵداری لە قۆناغی کلاسیکی بۆ قۆناغی پیشەسازی.

بەڕێوەبەری کوشتارگەی هاوچەرخی سلێمانی دەڵێت، “ئەم ستراتیژە هەژارەی حکومەتی فیدراڵی عێراق، بووە بەهۆی ئەوەی مانگانە زیاتر لە 90 هەزار تۆن گۆشت هاوردە بکات، هەروەها بەهۆی ئەم کارەوە زیاتر لە دوو ملیار دۆلاریش بباتە دەرەوەی وڵات”.