964+
نارەزایەتی دروستکردووە
پەروەردەی سۆران پێداچوونەوە بە لیستی مامۆستایانی وانەبێژ دەکات
964+
ئاکام غەفور – سۆران
هاتنەوەی ناوی وانەبێژان، لە سنوری پەروەردەی سۆران خێری لێ نەکەوتەوە، و ناڕەزایەتی لە لایەن بەشێکی زۆر لە دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکان دروستکرد، “پێیان وابووە ناوەکان دەستکاری کراوە”.
پەروەردەی گشتی سۆران لەسەر ئەو نارەزایەتییانە بێدەنگ نەمایەوە و بە بڕیارێک، “ناوە گەڕاوەکانی راگرت، دەڵێت پێداچوونەوە بە لیستی ناوەکان دەکەن”.
ئەمڕۆ چوارشەممە 16.11.2023، لە رونکردنەوەیەکدا پەروەردەی سۆران ئاماژەی بەوەکردووە،”بوونی چەند تێبینیەک لە لایەن وانەبێژانی دانەمەزراوی سنورەکە، دوای ڕاوێژکردن لەگەڵ بەڕێوبەری پەروەردەی قەزاکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان، بوو بەهۆکاری ئەوەی بڕیار بدەین بە راوەستاندنی ئەو لیستەی کە چەند رۆژی رابردوو بلاو کرایەوە، دووبارە پێداچونەوەی ورد بەلیستەکە دەکەین”.
پەیامنێر 964 بەدواداچوونی کرد، پەیوەندی بە چەند دەرچوویەکی زانکۆ کرد کە ناویان نەگەڕاوەتەوە، ئەوان دەڵێن، “نا دادپەروەریەکی زۆر هەیە لە لیستەکەدا، لیستەکان دەستکاریان کراوە و ناوەکان وەک خۆی نەگەڕاوەتەوە”.
لە سۆران زیاتر لە 500 دەرچووی زانکۆ بە وانەبێژ دامەزران
یەکێک لە دەرچووە دانەمەزراوەکان، کە خواستی نەبوو ناوی ئاشکرابکرێت بە بە 964ی وت، “چوار ساڵە دەرچووی زانکۆم، زۆر هەوڵمدا ئەمساڵ ناوم بگەڕێتەوە، شوێن هەبووە کە داواکاریم بۆ پیشکەشکردووە، بەڵام کەسێکی تر لەو شوێنە دانراوە کە دەرچووی پەیمانگەیە و دەرچووی زانکۆ نیە”.
دەرچویەکی تر کە، بەشی وەرزشی تەواوکردووە دەڵێت، “من فۆڕمم پرکردەوە بۆ مامۆستای وەرزش ناوم نەهاتەوە فەراغ هەبوو، کەچی دەرچوی تر کراوە بە وانەبێژ، تەنانەت دەرچووی بەشێکە کە بۆ وانەبێژی نابێت”.
رۆژی 8.11.2023 وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری دامەزراندنی 521 دەرچووی زانکۆی دا، لە سنوری بەڕێوبەرایەتی پەروەردەی سۆران بکرێن بە مامۆستای وانەبێژ.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا