پێشینان گاسنى جووتكردنیان كردبووه پێوه‌ر
كه‌ى بارانى ئه‌مساڵ په‌ڵه ده‌دات؟
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
به‌پێی زانیارییه گشتییه‌كان، هه‌رچه‌نده ناوچه‌كان وه‌ك یه‌ك نین له رێژه‌ى باران بارین، به‌ڵام تا ئێستا له هه‌رێمی كوردستان باران په‌ڵه‌ى نه‌داوه.
لە 24 کاتژمێرى رابردوودا زۆرترین رێژه‌ى باران بارین لە قه‌زاى کفری بووه، ئه‌ویش 29 ملیم باران باریوە، ئه‌م رێژه‌یه‌ش بۆ په‌ڵه‌دان هێشتا پێویستى به زیاتر بارین هه‌یه.
عه‌بدولڕه‌حمان مسته‌فا بەرپرسی هۆبەی كشتوكاڵی سیدەكان، كه سنووره‌كه‌ى كوێستانییه و ساڵانه زۆرترین بارانى لێده‌بارێت به 964ـى وت، له 24 كاتژمێرى رابردوودا ته‌نیا سێ ملیمه‌تر باران باریوه.
وتیشی “رێژه‌ى باران بارینى ئه‌مساڵ 74 ملیمه‌تره، به‌ڵام هێشتا ماویه‌تى په‌ڵه بدات”.
پەڵەی باران چیە ؟
وه‌ك شاره‌زایانى كشتوكاڵ و كه‌شناسی باسیده‌كه‌ن، په‌ڵه‌دانى باران له‌و كاتانه‌وه رووده‌دات كه چینی سەرەوەی زه‌وى بە قوڵی 30 تاوه‌كو 40 سانتیمه‌تر به‌هۆى بارانه‌وه تەڕ بووبێت.
له‌دێرزه‌مانیشه‌وه پێشینان گاسنى جوتكردنى گا و تراكتۆریان كردووه‌ته‌وه پێوه‌ر بۆ په‌ڵه‌دانى باران.
به‌قسه‌ى پێشینان، گاسنی كیڵانى زه‌ویان به‌كارهێناوه بۆ ئه‌و په‌ڵه‌دانه كه له‌كاتى كێڵانیدا ئه‌گه‌ر زه‌ویه‌كه به‌قوڵایی تاوه‌كو 40 سانتیمه‌تر زه‌وى ته‌ڕبوو هه‌ڵبته‌كێنن، ده‌رده‌كه‌وێت كه په‌ڵه‌ى داوه.
رێژەی باران و ماوەی بارین
رێژە و ماوەی بارین هیچ پەیوەندی بە پەڵەدانەوە نیە، بۆ نمونە بارانێکی هێواشی نەرم و بەردەوام دەکرێت لە 20 تاوه‌كو 25 ملیمه‌تر پەڵەی پێبدات، لەبەر ئەوەی بە تەواوی دەچێتە ناو خاکەوە، بەڵام رەنگە بارانێکی بەلێزمە و به خوڕ بە 40 ملیمه‌تریش نەتوانێت قوڵی پێویست تەڕ بکات.
بارانی پەڵە کەیە؟
دوای کۆتایی هاتنی هاوین و سەرەتای پایز، کاتی بارانی پەڵەیە ئەگەر لە رێكه‌وتى 15.10 تاوه‌كو 1.11 بارانی تەواو ببارێت، ئەوە پەڵەی پێشوەختەیە.
به‌ڵام ئەگەر لە1.11 تاوه‌كو 10.11 بارانی تەواو باری ، ئەوە پەڵەیە و کاتی خۆیەتی.
ئەگەر تا کۆتایی مانگی 11 بارانی پەڵە نەباری، ئەوە پەڵەکەی دواکەوتووە.
به‌ڵام ئەگەر لە 1.12 تاوه‌كو 15.12 بارانی تەواو باری ئەوە پەڵەکەی زۆر دواکەوتووە.