کێشەکانیان چارەسەر دەکرێت
ئاسانکاری بۆ پڕۆژە بازرگانی و پیشەسازییەکان دەکرێت
964+
پێشەوا محەمەد
پێنج وەزارەت و چەند دەستەیەک هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی بەردەم پڕۆژە بازرگانی و پیشەسازییەکان دەدەن و بۆ ئەو مەبەستەش سێ کۆبوونەوە کراوە.
لیژنەیەکی هەمیشەیی لە نێوان وەزارەتەکانی ناوخۆ، دارایی، بازرگانی، کارەبا و ناوخۆ و دەستەکانی وەبەرهێنان، چاککردنی ژینگە و گەشەپێدانی پیشەسازی پێکهێندراوە.
پشتیوان حەمەسەعید، بەڕێوەبەری گشتی لە دەستەی وەبەرهێنان و نوێنەری دەستەکە لە لیژنەکەدا بە 964ـی راگەیاند، لە کۆتا کۆبوونەوەدا کە رۆژی سێشەممە کراوە باس لە کێشەی زەویی پڕۆژەکان، لێخۆشبوون و کەمکردنەوەی رسومات، کارئاسانی زیاتر بۆ ناردنەدەرەوەی بەرهەمەی پڕۆژە بازرگانی و پیشەسازییەکان کرا.
وتیشی، “هەموو تێبینی و کێشەکان دەدرێن بە نوێنەری لایەنەکانی ناو لیژنەکە تا لە وەزارەت گفتوگۆی لەبارەوە بکەن و لە کۆبوونەوەی داهاتوودا بە چارەسەر و بڕیارەوە بێنەوە لیژنەکە و هەر کێشەیەکی تریش هەبێت چارەسەر دەکرێت”.
نوێنەرەکەی دەستەی وەبەرهێنان ئەوەشی روونکردەوە، کابینەی نۆ بە گرنگییەوە لە پڕۆژە بازرگانی و پیشەسازییەکان دەڕوانێت و مەبەستییەتی بەرەوپێش بچن و کارئاسانییان بۆ دەکات.