رێگای کەلار دەربەندیخان. وێنە:964+
چاوەڕێی کۆمپانیان
هاتوچۆی گەرمیان دەیەوێت کامێرای خاڵ بۆ خاڵ بگەیەنێتە رێگاکانی دەرەوەی شار
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
ھاتوچۆی گەرمیان دەڵێت، بۆ کەمکردنەوەی رووداوەکانی ھاتووچۆ، ھاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان، پلانی دانانی کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لە گەرمیانیش ھەیە، “چاوەڕێی کۆمپانیای جێبەجێکارین”.
بەپێی ئەو زانیاریەی هاتوچۆی گەرمیان بە 964ی داوە، کامێرای خاڵ بۆ خاڵ بۆ ھەریەک لە رێگاکانی دەرەوەی شار، کەلار بۆ باوەنور، کەلار بۆ خانەقین و کەلار بۆ کفری دادەنرێن.
سامان عەلی وتەبێژی ھاتوچۆی گەرمیان بە 964ى وت، “وردەکاری تەواومان لانیە لەسەر ئەوەی لەو ڕێگایانە چەند کامێرە دادەنرێت، بەڵام ئاگادارکراوین لە ھەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان کامێرای خاڵ بۆ خاڵ دادەنرێت و گەرمیانیش دەگرێتەوە”.
وتەبێژی ھاتوچۆی گەرمیان دەڵێت، “ئەو کۆمپانیایەی کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵ دادەنێت تا ئێستا لەکاتی دانانی ئاگاداریان نەکردووینەتەوە، ئێمەش چاوەڕێی کۆمپانیاکەین و نازانین کەی دادەنرێن”.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی