لە گەشتی هەواڵەکانەوە
ئەمڕۆ سلێمانی پڕە لە چالاکی و شارەوانی هەولێریش خۆی ئامادەکردووە
964+
ژووری هەواڵ
ئەمڕۆ سلێمانی پڕپڕە لە چالاکی، بۆنەکەش یادی 239 ساڵەی بونیادنانی شارە، ئەوەی ئەهلی شارەکە پێی دەڵێن شارە حەیاتەکە.
لە باخی گشتی، لە بەیانییەوە چالاکییەکان دەستی پێکردووە و هەتا 6ی ئێوارە بەردەوام دەبێت، خەڵکێکی زۆر کۆبوونەتەوە و دەمەو ئێوارە ئاسمان پڕ دەکرێت لە یاری ئاگرین.
لەبەردەرکی سەرا کۆنسێرتی گۆرانی و میوزیکە و تا خۆرئاوابوون هەر بەردەوامە، هەر ئەم ئێوارەیە لە تەلاری هونەر کۆنسێرتێکی گۆرانی هەیە و چەند هونەرمەندێکی دیار تیایدا بەشدارن.
دەستەی گەشتگوزار بڕیاری داوە پەرە بە گەشتوگوزاری زستانە بدات و وابکات کە عێراق و باقی وڵاتانی دنیاوە خەڵک بێن و زستانان کەیف بکەن.
دەستەکە پلانێکی هەشت ساڵەی هەیە و تێیدا 15 جۆری گەشتیاریی تێدا جێکراوەتەوە، یەکێک لەوانە راکێشانی گەشتیارە لە وەرزی زستاندا بۆ ناوچە شاخاوییەکانی کوردستان.
ئیبراهیم عەبدولمەجید، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم بە 964ی وت خزمەتگوزاری دەگەیەندرێتە ئەو ناوچانەی بۆ گەشتوگوزاری زستانە دەگونجێن و بۆ ئەوەی گەشتیار بتوانێت سەردانیان بکات.
شارەوانی هەولێر خۆی تەییارو ئامادە کردووە بۆ ئەوەی ئەم چەند رۆژەی داهاتوو ئەگەر مەترسی لافاو یان کۆبوونەوەی ئاو هەبوو، زوو بچن بە هانای خەڵکەوە، بۆ ئەمە شەش ژمارە تەلەفۆنیان داناوە و دەڵێت هەر پێویست بوو تەلەفۆنیان بۆ بکەن.