داواکاریەکەیان لەسەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانیە
دانیشتوانی ئەلبانەكەی بەكرەجۆ داوای قەرەبوو دەكەن
964+
ژووری هەواڵ
دانیشتوانی ئەلبانەكەی بەكرەجۆ دەڵێن “حاڵمان خراپە و داوای قەرەبوو دەکەینەوە”، بەڵام هێشتا لە شارەوانی بەکرەجۆ چارەنووسی قەرەبووکردنەوەیان دیارینەکراوە.
ئەلبانەكەی بەكرەجۆ پێشووتر هۆڵی ئەلبان بووە، موڵكی كۆلێژی كشتوكاڵی زانكۆی سلێمانییە، لە ساڵی 1991-وە سەدان خێزانی ئاوارەی كەركوك تیایدا نیشتەجێبوون، ئێستا ژمارەیان 335 ماڵە.
هاوار تۆفیق دانیشتوی ئەلبانەكەی بەكرەجۆیە و بۆ 964 وتی، “نەقەرەبوو دەكرێینەوە، نەڕێگەمان پێدەدرێت خانوەكانمان نۆژەنبكەینەوە، بێئومێدبووین، شارەوانی بەكرەجۆ هەرجارەو بەڵێنێكمان پێدەدەن”.
رەمەزان ئەحمەد دانیشتویەكی دیکەی ئەلبانەكەی بەكرەجۆ بۆ 964 وتی، “چوارساڵ پێش ئێستا بڕیاربوو وەک قەرەبوو زەویمان پێبدرێت، بەڵام ئێستا مامەڵەكانمان راگیراوە، بڕیارمانداوە تا قەرەبووی مادی نەكرێینەوە، خانوەكانمان چۆڵناكەین”.
ئیبراهیم سابیر، ئەنجومەنی ئەلبانەكەی بەكرەجۆ بە 964ی وت، وەرگرتنی زەویەكان، تەنیا رێكاری یاسایی ماوە.
سەرچاوەیەكی بەرپرس لەشارەوانی بەكرەجۆ بە 964ی راگەیاند، “ساڵی 2018 بەشێوەیەکی هەوایی قەرەبوو کراونەتەوە و زەوییان بەسەر دابەشکراوە، بەڵام رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانی نەبووە، بۆیە هیچیان بۆ نەکرا”.
بەگوێرەی وتەی ئەو بەرپرسەی شارەوانی بەکرەجۆ، نوسراویان بۆ ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی بەرزکردوەتەوە، گفتوگۆی لەسەر دەکەن، دواتر چارەنوسیان یەكلایی دەکرێتەوە.