بۆی نابێت
لیژنەکەی کەرکوک: غازەکەی کۆرمۆر بەم بۆرییە ناگات
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
بۆرییەکان لیک دەکەن و بەرگەی فشاری غاز ناگرن، بۆیە بەهیوا مەبن غازەکەی چەمچەماڵ بگاتە کەرکوک، ئەم قسانە وەڵامی لیژنە هونەرییەکەی کەرکوک بووە کە چوون لە حاڵ و وەزعی بۆرییە غازەکە بکۆڵنەوە.
هەفتەیەک دەبێ باس و خواس لەسەر غازەکەی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ گەرمە، ئەمەش دوای ئەوەی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند لەگەڵ کۆمپانیای داناغاز رێککەوتوون بۆ ئەوەی غاز بگاتە وێستگەی کارەبای تازە لە کەرکوک و کارەبای شارەکەی پێ دابین بکەن.
لای خۆمان لە کوردستان ئەم کێڵگەیە سەر بە گۆبەنە، چونکە هێزە سیاسییەکان لەسەری ناسازێن و هەریەکەو خەیاڵێکیان هەیە لەسەری، کاتێکیش وەزارەتی نەوتی عێراق ئەم هەنگاوەی راگەیاند، دیسان هەڵای لەسەر دروست بوو.
964 لەوەی پرسی ئاخۆ ئەو غازە چۆن دەگوازرێتەوە بۆ کەرکوک؟
بە قسەی ئەو تیمە بێت کە چوون لە بۆرییەکانیان روانیوە، دەڵێن ئەم بۆریە کەڵکی نییە و غاز بەمە ناگات، دەبێ بۆری نوێی بۆ رابکێشن.
بەشێک لە وێستگەکانی کارەبای لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق بەو غازە شلە کاردەکەن، کە لە ئێرانی دەکڕن، بەڵام بە کەرکوک ناگات، ئێستا وەزارەتی نەوت دەڵێت ئەوەتا غاز لە پاڵ خۆتاندایە، با لەوێ بیهێنین.
کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەکەوێتە گوندی کۆرمۆر لە سنووری ناحیەی قادر کەرەم لە قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی، کۆمپانیای دانەگاز و نەوتی هیلالی ئیماراتی وەبەرهێنانی تێدا دەکەن.
پلانەکەی وەزارەتی نەوت ئەوەیە غازی شل بەو بۆریانەدا بگوازنەوە کە نەفت دەگەیننە کەرکوک، بەڵام ئەو شارەزایانەی چوون وتویانە بۆی نابێت.
عەلی حەمادی راوێژکار و یاریدەدەری پارێزگاری کەرکوک بۆ کاروباری هونەری بە 964ـی وت ”دوای بەدواداچون لیژنەی هونەری، بۆیان دەرکەوت ئەو بۆریانە نەشیاون و بەرگەی فشاری غازەکە ناگرێت، ئەمە جگە لەوەی لیک دەکەن”.
عەلی حەمادی دەڵێت، بۆ ئەوەی ئەم کارە بکرێت، دەبێ بۆری تازە رابکێشرێت، ئەمەش ئاسان نییە، چونکە وەزارەتی نەوت بودجەی بۆ دانەناوە.
دوێنێ یەکشەممە حەییان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق هاتە هەولێر و ئەمڕۆ و بەیانیش هەر لەم دەوروبەرەیە، غازەکەی کۆرمۆر یەکێکە لەو شتانەی بۆی هاتووە تا لەگەڵ قسە رۆیشتووەکانی هەرێم گفتوگۆی بکات، جگە لەمانەش دەستپێکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و رەشنووسی یاسای نەوت و غاز باس دەکرێن.
لە شاری کەرکوک چەند وێستگەیەکی کارەبا هەیە، ئەو کارەبایەی بەرهەمی دەهێنن دەڕوات بۆ بەغداو لەوێوە دیسان لە رێی هێڵی نیشتمانییەوە دابەشی کەرکوک و باقی پارێزگاکانی تر دەکرێتەوە.
وێستگەکانی دوبز، مەلاعەبدوڵا، تازە و کەیوان، ئەو وێستگە سەرەکیانەن.
عیسام جومعە بەرپرسی راگەیاندنی فەرمانگەی کارەبای کەرکوک بە 964ی وت ”جگە لە کارەبای هێڵی نیشتمانی، بڕی 200 مێگاوات لە وەبەرهێنەری کوردستان ئەحمەد ئیسماعیل کڕدراوە و دەدرێت بە هاوڵاتیان”.