رەگلە و چاڵوچۆڵی پڕکرایەوە

رێگای نێوان دەربەندیخان – چنارە نۆژەنکرایەوە

964+

توانا نەقی

قۆناغی دووەمی کارکردن لە نۆژەنکردنەوەی رێگای نێوان دەربەندیخان – گوندی چنارە لەسەر رێگای سلێمانی بەردەوامە و تەنیا قۆناغی یەکی ماوە تەواو بکرێت.

رێگاکە بەشێکی قیر دەکرێتەوە و دەتاشرێت و چاڵوچۆڵییەکانی پڕدەکرێتەوە.

سلێمان محەمەد قایمقامی دەربەندیخان بە 964ـی وت، قۆناغی یەکەم وەستاوە کە لە گوندی چنارە بۆ گوندی میرەدێیە و هەوڵدەدەین بە زوترین کات بە گوژمەی 79 ملیۆن دینار چاکسازی لەو رێگەیە بکەن.

وتیشی، ئێستا قۆناغی دوو تەواو بووە کە لە گوندی چنارە بۆ بەردەم تونێلی دەربەندیخانە و 80 ملیۆن دینار گوژمەکەیەتی و خۆی لە نەهێشتنی رەگلە و چاڵەکان و قیرکردنەوەی هەندێک شوێنی دەبینێتەوە.

ئەو رێگایە دەربەندیخان دەبەستێتەوە بە ناحیەی زەڕایەنەوە کە دەبوو چەند ساڵێکە بکرایە بە دووساید، بەڵام کرکردن تیایدا وەستاوە.

رێگاکە بەبەردەوام قەرەباڵغە بەهۆی یەک سایدییەوە، جگە لە ئۆتۆمبێلی بچوک سەرجەم تانکەر و بارهەڵگرەکان بەو رێگایەدا هاتوچۆ دەکەن.