کەمپی"ماملیان"ـی لەسەر دروستکراوە
16 جوتیاری گردەسێن داوای قەرەبووی زەوییەکانیان دەکەنەوە
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
کەمپی ماملیان لە ناحیەی گردەسێنی قەزای ئاکرێ نۆ ساڵە لەسەر زەوی 16 جوتیاری ناوچەکە دروستکراوە، ئەو جوتیارانە تاوەکو ئێستا قەرەبووی حەوت ساڵی زەوییەکانیان وەرنەگرتووە.
جوتیارەکان دەڵێن، لە ساڵی 2014ـەوە ئەو کەمپە لەسەر زەوییەکانیان دروستکراوە، بەڵام تەنیا قەرەبووی دوو ساڵیان وەرگرتووە.
جەلال ئەحمەد جوتیارێکی ناحیەی گردەسێنە و بە 964ـی وت، دەبوو کرێی ساڵانەیان پێبدانایە، بەڵام حکومەت ئەو بودجەیەی بۆ کرێکەیان خەرجی دەکرد تەنیا دوو ساڵ بەردەوام بووە و لایەنی پەیوەندیداریش هیچ وەڵامێکی داواکارییەکانیان ناداتەوە.
شەعبان خەلیل، قایمقامی ئاکرێ بە 964ـی وت، ئەو 16 جوتیارە مافی خۆیانە کە زەوییەکانیان کراوە بە کەمپ داوای قەرەبوو بکەنەوە، ئەوان نوسراوی فەرمیان بەرزکردووەتەوە بۆ پارێزگای دهۆک لەویێشەوە رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران کراوە.
وتیشی، چاوەڕێی ئەنجومەنی وەزیرانن وەڵامیان بدەنەوە، پارەی تایبەت بۆ ئەو کێشەیەی جوتیارەکان تەرخانبکرێت، ئەوەشی بە ئەوان بکرێت کەمتەرخەمی ناکەن.
کەمپی ماملیان لە سالی 2014 لەسەر رووبەری 250 دۆنم زەوی دروستکراوە و خەڵکەکەی هەر خەڵکی کوردی موسڵن لە دوای ئاڵۆزییەکانی شەڕی داعش لە کەمپەکە نێشتەجێبوون و ئێستا 171 خێزانی تیادایە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی