هەڵبژاردەی باسکەی سلێمانی بەسێ بردنەوە دەستیپێکرد

964+

یادگار محەمەد – سلێمانی

هەڵبژاردەی باسکەی کچانی 3*3 ـی سلێمانی بەسێ بردنەوە دەستیان بە پاڵەوانیەتی کۆماری کرد.

بەسەرپەرشتی فیدراسیۆنی باسکەی عێراق و لە شاری بەغدا، بە بەشداری 12 هەڵبژاردە پاڵەوانیەتی جامی کۆماری بۆ باسکەی کچانی هەڵبژاردەی پارێزگاکانی عێراق دەستی پێکرد، ئەمرۆ هەینی و لە یەکەم رۆژی پاڵەوانیەتییەکەدا هەڵبژاردەی کچانی سلێمانی سێ بردنەوەی دەستەبەرکرد.

رزگار رەئوف راهێنەری هەڵبژاردەکە بە 964ـی وت، ماوەیەکی زۆرە ئامادەکاری دەکەن و هەمیشە کچە یاریزانەکانی ئامادەن بۆ رکابەری.

وتیشی، هەموو هەوڵی خۆیان دەدەن تاوەکو بە نازناوەکەوە بگەڕێنەوە شارەکەیان و متمانەی بە یاریزانەکانی هەیە.

لە رۆژی یەکەمی پاڵەوانیەتی جامی کۆماریدا و لە یەکەم یاری، هەڵبژاردەی سلێمانی بە ئەنجامی ( 21 – 7 ) خاڵ سەرکەوت بەسەر هەڵبژاردەی بەسرەدا، لە دووەم یاریشدا و بە ئەنجامی (22 – 1) خاڵ لە هەڵبژاردەی واستی بردەوە، لە دوا رووبەڕووبوونەوەی رۆژی یەکەمی پاڵەوانیەتییەکەشدا هەڵبژاردەی سلێمانی بە ئەنجامی (21 – 1) خاڵ شکستی کردە پشکی هەڵبژاردەی موسڵ.

پێداچوونەوە: توانا نەقی