لە گەرمیان رۆژانە 350 تۆن زبڵ کۆدەکرێتەوە
گەرمیان بێ کارگەی ریسایکلینە ئەگەرچی زەوییەکەی ئامادەیە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
لە گەرمیان ھیچ کارگەیەکی ریسایکلینی زبڵ و خاشاک بوونی نیە، شارەوانیش دەڵێت، تێچووەکەی زۆرە و لە توانای دروستکردنی ئەواندا نییە.
رۆژانە نزیکەی 350 تۆن زبڵ و خاشاک لەلایەن کۆمپانیایەکی پاککەرەوەوە لە گەرمیان کۆدەکرێتەوە و لەژێر خۆڵ دەشاردرێتەوە.
عەلی حوسێن، بەرپرسی بەشی ژینگە و خزمەتگوزاری لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی گەرمیان بە 964ـی راگەیاند، ئەگەر کارگەیەکی ریسایکلین ھەبێت بە رێژەی نزیکەی 70% لەناوبردنی ئەو زبڵ و خاشاکە بە شێوەی خستنە ژێرخۆڵ کەم دەکاتەوە.
وتیشی، “چەندینجار نووسراومان بۆ وەزارەتی شارەوانی کردووە، بەڵام بێ وەڵام بووە و رەزامەندی نەدراوە لەسەر دروستکردنی”.
964 دەزانێت، شارەوانی گەرمیان کێشەی دابینکردنی زەوی نییە و هەموو رێکارەکانیان بۆ تەواو کردووە و زەوییەکی 100 دۆنمیان بۆ تەرخان کردووە.
“تێچووی کارگەی ریسایکلین نزیکەی 15 ملیار دینارە، دەبێت وەزارەتی شارەوانی بەشێوەی راستەوخۆ پارەی بۆ تەرخان بکات یان لە رێگەی وەبەرھێنانەوە دروست بکرێت”، عەلی حوسێن وادەڵێت.
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد