سەنتەری ئۆتیزمی سلێمانی - وێنە: 964
خێزانی خاوەن کەیسی ئۆتیزم و داون فێری فریاگوزاری خێرا دەکرێن
964+
پێشەوا محەمەد
لە شاری سلێمانی ئیڤێنتێکی یەک رۆژە بۆ ئەو خێزانانە کرایەوە، کە خاوەن کەیسی ئۆتیزم و داونن سەبارەت بە فریاگوزارییە خێراکان لە حاڵەتە لەناکاوەکاندا.
ئیڤێنتەکە رۆژی دووشەممە 6.11.2023 لە لایەن دەستەی مافی مرۆڤ، سەنتەری ئۆتیزم و رێکخراوی داون سیندرۆم لە شاری سلێمانی رێکخرابوو و 30 خێزان بەشداریان تێدا کردبوو.
سابیر عەبدوڵا کەریم، بەرپرسی لقی سلێمانی دەستەی مافی مرۆڤ بە 964ـی وت، “ئەو خێزانانەی ئەو کەیسانەیان هەیە هەموو کات ئەگەری روودانی حاڵەتی لەناکاویان تێدا هەیە، بۆیە فێربوونی فریاگوزارییە خێراکان بۆ نەخۆشەکانیان زۆر گرنگە تا دەیانگەیەننە نەخۆشخانەکان”.
وتیشی، “ئەوە یەکەم هەوڵمان بووە و بەردەوامی پێ دەدەین و فراوانی دەکەین تا زۆرترینی ئەو خێزانانە لێی سوودمەند بن و حاڵەتە ناکاوەکان بێ دەرئەنجامی نەخوازراو بەڕێ بکەن”.
لە شاری سلێمانی 700 کەیسی ئۆتیزم تۆمار کراوە.
“لە پلانماندایە لە رێگەی بڵاوکردنەوەی بڵاوکراوەوە لە قوتابخانەکان هۆشیاری بڵاوبکەینەوە بۆ فێربوونی چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کەیسان لە لایەن قوتابیان و مامۆستایانەوە”، ئەوەش قسەی سابیر عەبدوڵا کەریمە.