نزیکەی 30 دوکانن
ویستیان کەپر بۆ زستان بکەن و رێگەیان پێنەدرا
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
چەند ساڵێکە لە جادەی سەرەکی داخڵبوونی دهۆک، کە بە شەقامی ئیتیتێ و نزارکێ بەناوبانگە، چەند دوکانێک دانراون و کەلوپەل دەفرۆشن.
سەرۆکایەتی شارەوانیی دهۆک دەڵێت، ئێمە هاوکارین لەگەڵیان، بەڵام ئەگەر بگاتە ئەوەی زیادەڕۆیی بکەن، رێگەیان پێنادرێت.
یوسف محەمەد، دوکاندارێکی سەر جادەی نزارکێیە، بە 964ی وت، چەند ساڵێکە لەسەر شەقامەکە کاردەکەن و بژێوی ژیانیان لەسەر فرۆشتنی کەلوپەلی خواردن و پاقلە و نۆک و خواردنی خێرایە، بەڵام نزیکبوونەتەوە لە وەرزی زستان و ویستویانە شتێکی وا دروست بکەن، کە بارانبارین کێشەیان بۆ دروست نەکات، بەڵام شارەوانی لێیانی خراپ کردووە و قبووڵیان نییە.
964 بەدواداچوونی بۆ بابەتەکە کرد و لەگەڵ سەرۆکایەتی شارەوانیی دهۆک قسەی کرد.
ئیسماعیل مستەفا، بەرپرسی راگەیاندنی سەرۆکایەتی شارەوانیی دهۆک بە 964ی وت، ئێمە هەمیشە لەگەڵ ئەم کاسبکارانە هاوکار بووینە و رێگامان داوە لەسەر جادەکە مێز و کورسی خۆیان دابنێن و کاسپی خۆیان بکەن، بەڵام چەند کەسێک ویستوویانە دیوار بە بلۆک دروست بکەن، ئەمەش قەدەغەیە، چونکە زەوییەکە موڵکی گشتییە.
وتیشی، ئێمە رێگرییان لێناکەین ئەگەر بەبێ کیشە کاری خۆیان ئەنجام بدەن.
لەسەر جادەکەی نزارکێ لە سەنتەری پارێزگای دهۆک نزیکەی 30 کەس کاردەکەن و بژێوی ژیانیان لەسەر کارەکەیە.
پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر