عێراق هەڕەشەکەی بردەسەر
پەیوەندی کۆڕەک لەگەڵ هەموو تۆڕەکانی دیکە پچڕا
964+
فەهمی نەبی
ئەمڕۆ دەستەی پەیوەندیەکانی عێراق بە بڕیارێک پەیوەندیکردنی لە رێگەی تۆڕەکانی ئاسیا و زین بۆ کۆڕەک وەستاند، ئەمەش دوای ئەوەی دەستەکە رایگەیاندبوو کۆمپانیاکە قەرزێکی زۆری لەسەر کەڵەکە بووە و نەیداوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە کاتێک لە ئاسیاسێڵ یان زین پەیوەندی بەژمارەیەکی کۆڕەک دەکەیت دەنگێکی تۆمارکراو لە کۆنتڕۆڵ بەهەرسێ زمانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی دەڵێت، “بەفەرمانی دەستەی پەیوەندییەکانی عێراق ناتوانیت پەیوەندی لەگەڵ هیچ ژمارەیەکی کۆڕەک ئەمجامبدەیت”.
دەستەی پەیوەندییەکانی عێراق رایگەیاندووە بڕیارەکە بەپێی ژمارە 65ی ساڵی 2004 دەرچووە.
ئەمە لەکاتێکدایە 964 چەند جارێک پەیوەندی کرد بە بەرپرسانی کارگێڕی کۆمپانیای کۆڕەک بەڵام ئامادەنەبوون قسە لەو بارەیەوە بکەن.
دەستەی پەیوەندیەکانی عێراق دەڵێت، ئەم بڕیارە لە 30.8.2022 دەرچووە ئەمەش بەهۆی بوونی چەندین بابەتی دارایی، یاسایی و تەکنیکی، فەرمانمان کردووە هەموو کۆمپانیاکان پەیوەندی تەلەفونی لەگەڵ کۆڕەک بپچڕێنن تا ئەو کاتەی کۆمپانیای کۆڕەک پاکتاوی دارایی دەکات.