سه‌رۆكى شاره‌وانى راستییه‌كان ده‌خاته‌ڕوو
964 سۆراغى سوپاس و پێزانینه زۆره‌كانى شاره‌وانى هه‌ڵه‌بجه ده‌كات
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
وا بڵاوكرایه‌وه كه لەماوەی کەمتر لە دوو مانگدا سەرۆکی شارەوانی هه‌ڵه‌بجه، سێ جار سوپاس و پێزانینی بەخشیوەتە فه‌رمانبه‌ر و کارمەندانی، به‌ڵام كه 964 سۆراغى ئه‌م بابه‌ته‌ى كرد، واده‌رنه‌چوو.
له‌دوێنێوه ئه‌م ده‌نگۆیه له هه‌ڵه‌بجه بڵاوبووته‌وه كه سه‌رۆكى شاره‌وانى له‌به‌رامبه‌ر دواكه‌وتنى سێ مانگى مووچه، سوپاس و پێزانینى به‌خشیوه‌ته ته‌واوى فه‌رمانبه‌ر و كارمه‌نده‌كانى.
بۆ ئه‌م پرسه 964 په‌یوه‌ندی به ئه‌ندازیار سه‌لام بیلال ئه‌سكه‌نده‌ر، سه‌رۆكى شاره‌وانى هه‌ڵه‌بجه كرد‌و ئه‌ویش ره‌تیكرده‌وه كه سێ سوپاس و پێزانینه‌كه ته‌واوى فه‌رمانبه‌رانى شاره‌وانییه‌كه‌ى گرتبێته‌وه.
وتیشی “جاری یه‌كه‌م له رۆژى 17.9.2023 سوپاس پێزانینه‌كه ته‌نیا بۆ چوار فه‌رمانبه‌ر بووه جاری دووه‌میش له 25.9.2023 بۆ نۆ فه‌رمانبه‌رى دیكه بووه، له‌به‌رامبه‌ر دڵسۆزى و خزمه‌تكردنى زیاد له پێویست كه بۆ خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه كردوویانه”.
له سه‌رۆكایه‌تى شاره‌وانى هه‌ڵه‌بجه زیاتر له 260 فه‌رمانبه‌ر و كارمه‌ند هه‌ن، له‌ناویاندا ته‌نیا 119 فه‌رمانبه‌رى ره‌سمین و ئه‌وانه‌ى دیكه هه‌موویان كارمه‌ندن و به گرێبه‌ست كار ده‌كه‌ن.
له‌باره‌ى سێیه‌مین به‌خشینى سوپاس و پێزانینیش، ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد كه دوێنێ 31.10.2023 سوپاس و پێزانینێكی گشتى به‌خشیوه‌ته ته‌واوى فه‌رمانبه‌ر و كارمه‌نده‌كانى ئه‌ویش له‌به‌رامبه‌ر دواكه‌وتنى سێ مانگى مووچه‌كه‌یان و ئه‌و خزمه‌ته به‌رچاوه‌ى كه پێشكه‌شى ده‌كه‌ن.
وتیشی “وه‌ك قه‌ره‌بوو و دڵخۆشییه‌ك ئه‌و سوپاس و پێزانینه‌ى دوێنێم به‌خشیوه‌ته ته‌واوى فه‌رمانبه‌ر و كارمه‌نده‌كان و به‌پێی ده‌سه‌ڵاتى خۆشم پێم به‌خشیون”.
روونیكرده‌وه، به‌خشینى ئه‌و سێ سوپاس و پێزانینه به‌هه‌ڵه لێكدراوه‌ته‌وه وه‌ك ئه‌وه‌ى هه‌رسێ جاره‌كه ته‌واوى فه‌رمانبه‌رانى گرتبێته‌وه و له‌به‌رامبه‌ر دواكه‌وتنى مووچه‌كه‌یان بووبێت و ده‌ڵێت “ئه‌وه هیچ بنه‌مایه‌كی نییه و ته‌نیا ئه‌وه‌ى دوێنێ هه‌موویانى گرتووه‌ته‌وه”.