لە شوێنێکی دوورەدەستی شاری کەرکوک

گەورەترین هەڵمەتی لەناوبردنی مادەی هۆشبەر لەسەر ئاستی عێراق ئەنجامدرا

964+

کاروان ساڵحی -کەرکوک

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ گەورەترین هەڵمەتی لەناوبردن و سوتاندنی مادەی هۆشبەر لەسەر ئاستی عێراق ئەنجامدرا، ئەمەش بەپێی وتەی یاریدەدەری بەرێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق.

ئەمڕۆ چوار شەممە بە ئامادەبونی دادوەری مادە هۆشبەرەکان لە دادگای کەرکوک 15 تۆن مادەی هۆشبەر لە گوندی زەنانەی نێوان ناحیەی تازە و ناحیەی لیلان لەناوبرا.

د.فالح حەسەن عەبداوی یاریدەدەری بەرێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و دەرونییەکان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە 964ی وت، ئەو مادە هۆشبەرانەی ئەمڕۆ لە ناوبران پێکهاتبوون لە تڕامادۆڵ، ئەفدرین و مادەی وزە بەخش کە تێکەڵ دەکرێت لەگەڵ مادەی کریستاڵ.

بەوتەی ئەو یاریدەدەرەی بەرێوەبەری مادەی هۆشبەر ئەو مادانەی ئەمڕۆ لەناوبران، لەماوەی کەمتر لە ساڵێکدا لە دەروازە سنوریەکان دەستیان بەسەرداگیراوە.