100 هەزار دینارەکە دابەش دەکرێت
ملیۆنێک و 648 هەزار خانەنشین لێی سوودمەند دەبن
964+
پێشەوا محەمەد
دەستەی خانەنشینی نیشتیمانی عێراق ئاشکرای دەکات، ملیۆنێک و 600 هەزار خانەنشینی عێراق لە وەرگرتنی 100 هەزار دینارە زیادەکە سوودمەند دەبن و مانگی 11 پێیان دەدرێت.
دوو هەفتە بەرلەئێستا ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا بڕی 100 هەزار دینار زیادە بدات بەوانەی موچەی خانەنشینییەکەیان لە ملیۆنێک دینار کەمترە.
حوسام عەبدولستار، جێگری سەرۆکی دەستەی خانەنشینی نیشتیمانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندووە، هەموو رێکارێکی خەرجکردنی ئەو بڕە زیادە بۆ سەر موچەی خانەنشینان کۆتایی هاتووە و بۆ موچەی مانگی 11 وەریدەگرن.
وتیشی، “ملیۆنێک و 648 هەزار خانەنشین لە عێراق لەو 100 هەزار دینارە زیادەیە سوودمەند دەبن”.
پێشتر دارا سێکانیانی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە 964ـی وتبوو، “بەپێی مادەی 14ـی دەستوور، کە باس لە یەکسانی ماف دەکات لە حکومەتی عێراقییەوە بۆ هاوڵاتیان دەبێت ئەو موچە زیادەیە خانەنشینانی هەرێم بگرێتەوە، بەڵام دوو یاسای خانەنشینی جیاواز لە هەرێم و عێراق هەن و خانەنشینانی هەرێم لێی سوودمەند نابن”.
کەمترین موچەی خانەنشینی لە عێراق لەنێوان 450 بۆ 500 هەزار دینارە و لە هەرێمیش لەنێوان 200 بۆ 300 هەزار دیناردایە.