له 60 جووتیار تهنیا هەشتیان قهرهبوو دهكرێنهوه
964+
زەید كۆچەر – دهۆك
شەست جووتیار لە گوندێكی ئاكرێ زەوییەكانیان دەكەوێتە بەر پڕۆژەی خزمەتگوزاری و شارەوانیش دەڵێت، قەرەبووی بهشێكی زهوییهكان دهكەینەوە.
شارەوانی ئاكرێ لە گوندی ئالەهێی، ناوچەیەكی پیشەسازی دروست دەكات، جووتیارانی گوندەكە ناڕازین و دەڵێن، “پێویستە حكومەت قەرەبووی زەوییەكانمان بكەنەوە و شارەوانیش دەڵێت قەرەبووی بەشێك لە زەوییەكان دەكەینەوە.
ساڵح سهعید، یەكێكە لەو ٦٠ جوتیارەی كە زەوییەكانیان بەر پڕۆژەكانی شارەوانی ئاكرێ دەكەوێت، قسەی بۆ 964+ كرد وتی، “ئێمە بژێوی ژیانمان لەسەر ئەو زەویانەیە و داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین قەرەبوومان بكەنەوە، بەڵام هیچ قەرەبوویەكمان وەرنەگرتووە، حكومەت مۆڵەتی پێداوین تەنیا ئەم ساڵ زەوییەكان بەكاربهێنین”.
964+ دەزانێت، کە هەر جووتیارێک لەو ٦٠ جووتیارە خاوەنی ٣٤ دۆنم زەویین، کە بە هەموو رووبەری زەوییەکان دەکاتە دوو هەزار و ٤٠ دۆنم زەوی، كه دهكاته ٥ ملیۆن و ١٠٠ ههزار مهتر چوارگۆشه زهوی.
بڵند رەزا زێباری، سەرۆكی شارەوانی ئاكرێ بە 964+ی وت، “زەوییەكان هەموویان سەر بە شارەوانی ئاكرێن و خۆمان مۆڵەتمان داوە بە جووتیارەكان بەكاری بهێنن، بەڵام ئەو زەوییانە سەر بە شارەوانی ئاكرێن”.
وتیشی، “لە كۆی ٦٠ جووتیار تەنیا هەشت جووتیار قەرەبوو دهكرێنهوه، رووبەری زەوییەكان ٦٠٠ دۆنمە و بۆ دروستكردنی ناوچەیهكی پیشەسازی بەكاردەهێنرێت”.
فازڵ مستەفا، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی ئاكرێ بە 964+ی وت، “راستە زەوییەكان كشتوكاڵیین، بەڵام شارەوانی بڕیاری داوە بیانكات بە پڕۆژەی گرنگ بۆ هاوڵاتیان و دەبێت هاوڵاتیانیش پابەندی رێنماییەكان بن، هەرچەندە زەوییەكان موڵكی شارەوانین، بەڵام مۆڵەتمان بە جووتیارەكان داوە وەك زەوی كشتوكاڵی بەكاری بهێنن، ئەو جووتیارانەی كە زەوییەكانیان هی خۆیانن قەرەبوو دەكرێنەوە”.
گوندی ئالەهیێ دەكەوێتە نزیك قەزای ئاكرێ و چوار كیلۆمەتر لە ئاكرێوە دوورە و ١٥٠ ماڵی تیدایە، ئێستا وەك بەشێك لە ئاكرێ ههژمار دەكرێت.