توێژەرێکی کورد ئەنجامی نوێ لە بارەی کۆڕۆنا ئاشکرا دەکات

964+

فەهمی نەبی -هەولێر

مامۆستایەکی زانکۆی سەڵاحەدین، لە ئەنجامی توێژینەوەیەکدا دەریخستوە، ئەو کەسانەی نەخۆشی هەوکردنی میزڵدانیان هەیە و هاوکات دووچاری نەخۆشی کۆڕۆنا بوونە، حەوت جۆر میکرۆبی نوێیان لێ دۆزراوەتەوە، بەو هۆیەوە دووچاری مردن بوونەتەوە.

خەدیجە خەلیل، مامۆستای بەشی بایۆلۆژی، کۆلیژی پەروەردەی زانکۆی سەڵاحەدینە، لە ماستەرنامەکەی ئەوەی دەرخستوە، ٥١ جۆر بەکتریای نوێیان لە NCBI سەنتەری نیشتیمانی بۆ زانیاری بایۆلۆژی عێراقی تۆمارکردووە، لەو ژمارەیە حەوت جۆری نوێیە و ١١ جۆریان یەکەمجارە تۆمار دەکرێن.

خەدیجە خەلیل بە 964+ی وت: “لە ئەنجامی توێژینەوەکە ٥١ جۆر بەکتریای هەوکردنی میزڵدانم تۆمارکرد، بۆم دەرکەوت کەسانێک کە هەوکردنی میزڵدانیان هەبووە، بەهۆی ئەو جۆرە بەکتریایانەوە هاوکات دووچاری ڤایرۆسی کۆڕۆنا دەبن، لە ئەنجامدا گۆرچیلەیان تووشی پەککەوتن بووە و مردوون”.

خەدیجە، ئەوەشی وت: “لەو ٥١ جۆرە، حەوت جۆر بەکتریایان تازە تۆماردەکرێن و ١١ جۆریشیان بۆ یەکەمجارە لە سەنتەری بایۆلۆژی عێراقی تۆمار دەکرێن، توێژینەوەکە یارمەتی دکتۆرەکان دەدات بۆ لەمەودوا چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو جۆری نەخۆشانەدا بکەن”.

گفتوگۆی توێژینەوەکە، رۆژی چوارشەممە ٢٠ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢، لە بەشی بایۆلۆژی، کۆلیژی پەروەردەی زانکۆی سەڵاحەدین بەڕێوەچوو، توێژینەوەکە بە ناونیشانی(هەوکردنی هاوبەکتریا و بەرهەڵستی دژەتەن لە هەوکردنی میزڵدانی نەخۆشانی کۆڤید١٩ لەشاری هەولێر/عێراق) بوو.