پێشبینی هێرشی حەماسی کردبوو

ژەنەڕاڵە ئیسرائیلیەکە هۆشداری بە وڵاتەکەی دەدات

964+

ژووری هەواڵ

ئەو ژەنەراڵە ئیسرائیلیەی پێش یەک ساڵ پێشبینی کردبوو حەماس هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل، ئێستا بە سوپای ئیسرائیل دەڵێت، نەکەن هێرشی زەمینی بکەن بۆ غەزە، چونکە دەدۆڕێن.

ئیسحاق برێک، ژەنەراڵێکی خانەنشینبووی ئیسرائیلییە، بەوە ناسراوە کە زۆر دژی فەرماندەکانی ئێستای سوپایە، دەڵێت ئەوان لە خۆبایین و ئیسرائیل رادەکێشنە ناو شەڕێکی هەرێمایەتییەوە.

ژەنەراڵ ئیسحاق تەمەنی 75 ساڵە و لە فەرماندە دیارەکانی پێشووی سوپا بوو، لە ماوەی ئەم دوو هەفتەیەش چوار جار ناتەنیاهۆی سەرەک وەزیرانی ئیسرائیل قسەی لەگەڵ کردووە بۆ ئەوەی گوێی لە نەسیحەتەکانی بێت.

ساڵێک پێش ئێستا ئیسحاق برێک وتبووی، لەبەرچاوم، بەسەدان چەکداری حەماس بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو پەلاماری دەوروبەری غەزە دەدەن، دیوارەکەی نێوانمان دەبڕن، سوپا تێک دەشکێنن و خەڵکێکی زۆر دەکوژن و ژمارەیەکیش بە دیل دەبەن، وتبووشی چەکدارەکانی حەماس تەواو تەییار و ئامادەن، بۆیە واباشە چەک بدرێت بە خەڵکی سیڤیلی ئەو دەوروبەرە تا بەرگری لە خۆیان بکەن، پێشبینییەکانی ئەم ژەنەراڵە وەک خۆیان دەرچوون.

ئەوکاتە بە ژەنەرەڵ ئیسحاقیان وتبوو پیر بووە و خەڵەفاوە، بەڵام ئێستا هەمووان گوێی لێ دەگرن.

ئێستاش ئیسحاق برێک پێیان دەڵێت، نەکەن هێرشی زەمینی بکەن، چونکە سوپا ئامادە نییە و تێک دەشکێت.

دەڵێت ناتوانین حەماس لەناو ببەین، سەربازەکانمان دەچنە ناو غەزە و هەموو رۆژێک هێرشیان دەکرێتە سەر و لێیان دەکوژرێن، کوژراوەکان ئەوەندە زۆر دەبن، ناچار دەبین خێرا بکشێینەوە، ئەمەش دەبێتە گەورەترین دەستکەوت بۆ حەماس.

ئەو دەڵێت، تاکە چارەسەر ئەوەیە هێرشە ئاسمانییەکان بەردەوام بێت و غەزە ئاو و کارەباو دەرمانی لێ ببڕێت و برسی بکرێت.

ئیسحاق دەڵێت، دەزانم فەرماندەکانی سوپا لەخۆبایین و پێیان وایە شەڕەکە ئاسانە، بەڵام ئەم شەڕە دەمانباتە ناو جەنگێکی ئیقلیمی و سەد دەرگامان لێ دەکاتەوە.

گفتۆگۆکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس شکستی هێنا

گفتۆگۆکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس شکستی هێنا