نموونەی بەرهەمی شیلکی ئەمریکی - وێنە: 964
"پڕ بەرهەم و بە تاموچێژە"
پەرە بە چاندنی شلکی ئەمریکی دەدرێت
964+
پێشەوا محەمەد
دوو جوتیاری دەشتی شارەزوور پەرەیان بە چاندنی شلکی ئەمریکی داوە و یەکێکیان دەڵێت، جوتیارێکی زۆر داوایان لێ دەکەن و دەیانەوێت پەرەی پێبدەن.
شەتڵی ئەو شلکە لە ئەمریکاوە هێنراوە و بە پێی وتەی یەکێک لەو جوتیارانە بێت، شیلکەکە بۆ کەشوهەوای هەرێمی کوردستان زۆر گونجاوە.
رێبوار فەتاح، یەکێک لەو جوتیارانەیە پەرەی بەو جۆرە شلکە داوە و دانیشتووی گوندی تەپەتۆڵەکەی دەشتی شارەزوورە و بە 964ـی راگەیاند، شلکەکە لە رووی بەرگرتن و بەرهەم و زوو پێگەیشتنەوە لە شلکی کوردی و ئێرانی باشترە.
وتیشی، “ساڵانە تەنیا لە وەرزی سارددا بەرهەمی کەم دەبێت و وەرزەکانی دیکە بەرهەمێکی زۆر و گەورە و پڕ تاموچێژی هەیە”.
باشترین وەرزی چاندنی ئەو شلکە سەرەتای مانگی 10 تا مانگی یەکە.
“تەنیا گەرمایەکی تاقەتپڕوکێن کێشە بۆ ئەو شلکە ئەمریکییە دروست دەکات، ئەویش چارەسەری هەیە و بە دەرمان کاریگەریی گەرماکە لە سەری کەمدەکرێتەوە”، ئەوەش قسەی رێبوار فەتاحە.