خولەکە و وانەبێژەکان بێ مۆڵەت بوون

لە هەولێر خولێکی راهێنانی جوانکاری راگیرا

964+

پێشەوا محەمەد

لیژنەیەکی لقی هەولێری سەندیکای پزیشکان ئەمڕۆ شەممە دەچێتە سەنتەرێک و دەبینێت بێ وەرگرتنی مۆڵەت خولێکی جوانکاری تێدا دەوترێتەوە، دەستبەجێ لیژنەکە خولەکە رادەگرێت.

دواتر لیژنەکە بۆی روون دەبێتەوە، ئەوە هەر تەنیا خولەکە نییە مۆڵەتی نییە، بەڵکو ئەوانەی خولەکەش دەڵێنەوە پزیشک نین و “لە رووی یاساییەوە ناتوانن ئەو خولە بڵێنەوە”.

ئامانج وەفایی، وتەبێژی لقی هەولێری سەندیکای پزیشکانی کوردستان بە 964ـی وت، “بۆ کردنەوەی خول دەبێت سەنتەرەکان مۆڵەتی سەندیکای پزیشکان و وەزارەتی تەندروستییان هەبێت، بەڵام ئەو سەنتەرە هیچیانی نەبوو”.

وتیشی، “ئێمە لیژنەی گەڕان بەدوای سەرپێچییەکانمان هەیە و پزیشکان و هاوڵاتیان هاوکاریمان دەکەن و دەگەینە سەر حاڵەتە نایاساییەکان”.

964 سەبارەت بە سزای ئەو کەسانەی ئەو خولەیان کردووەتەوە پرسیاری لە وتەبێژی لقی هەولێری سەندیکای پزیشکانی کوردستان کرد، ئەویش لە وەڵامدا وتی، “ئەوانەی بە ئەنجامدانی خولەکە هەستاون دەدەین بە دادگا و رووبەڕووی یاسای دەکەینەوە”.

سەندیکای پزیشکانی ددان داوای داخستنی کۆلیژەکانی ددان ...

سەندیکای پزیشکانی ددان داوای داخستنی کۆلیژەکانی ددان دەکات