لە کانی ماسێ
بەهۆی سێو خواردن و هەنگەوە رەوشی تەندروستی 200 کەس تێکچوو
964+
زەید کۆچەر-دهۆک
لە فێستیڤاڵەکەی بەرواری باڵا، رەوشی تەندروستی 200 کەسیان تێکچوو، سەنتەری 122 لە کانی ماسێ دەڵێت، “سێویان زۆر خواردووە و هەندێکیان هەنگ پێوەی داون”.
لە رۆژانی 25-26-27 مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، فێستیڤاڵی سێو لە ناحیەی کانی ماسێ، لە ناوچەی بەرواری باڵا بەڕێوەچوو و نزیکەی 20 هەزار کەس لە فێستیڤاڵەکەدا بەشداربوون، رەوشی تەندروستی 200 کەسیان تێکچوو، دواتر لەلایەن تیمی تەندروستییەوە چارەسەریان بۆ کراوە و بەشێکیان رەوانەی ماڵەوە کراون.
ئەمڕۆ شەممە 28.10.2023، عەفان ئەحمەد زێباری، بەرپرسی تیمی 122 لە ناحیەی کانی ماسێ بە 964ی وت، ئەو کەسانە زیاتر تووشی، سکچوون و رشانەوە، سەرگێژی بوون، هەروەک ئەو هەنگوینەی لە فێستیڤاڵەکەدا نمایش کرابوو مێشەکان دەوریان لێدابوون و دواتر بە خەڵکیانەوە دابوو، هەروەک سێ حاڵەتی سووتان هەبوون و چارەسەرکراون”.
قەرەباڵغیی فێستیڤاڵەکە هۆکار بووە تا ئەو رێژەیە لە ناساغی دۆخی تەندروستیی بەشداربووانی تۆماربکرێ، فەهمی باڵەتەیی، بەرپرسی راگەیاندنی فێستیڤاڵی سێو لە کانی ماسێ بۆ 964 وتی، فێستیڤاڵی سێوی بەرواریان لە کانی ماسی کۆتایی هات و ئەمساڵ لە هەرچوار پارچەی کوردستان بەشداربوومان هەبوو.
لە فێستیڤاڵەکەدا، 50 خیوەت هەڵدرابوون، 62 جۆر لە خواردن و میوە و کەلووپەلی دیکە نمایشکران، وەک (سێو، هەنگوین، پەتاتە، چیپس)، کە سەرجەمیان 21 هەزار 679 تۆن بوو، هەروەک بە بڕی 62 ملیۆن و 475 هەزار دینار خواردەمەنی و کاڵا فرۆشراوە”، فەهمی باڵەتەیی وای وت.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا