بەجیاوازیەکی کەم دۆڕا

باسکەی زاخۆ بە دیجلە جامیعە دۆڕا

964+

شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

باسکەی زاخۆ نەیتوانی لە یاریگای خۆی و بەرامبەر جەماوەرەکەی سەرکەوتن تۆمار بکات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 26.10.2023، لە گەڕی چوارەمی خولی نایابی باسکەی عێراق، زاخۆ میوانداری باسکەی دیجلە جامیعەی کرد، یاریەکە لە کاتژمێر چواری ئێوارە لە هۆڵی باسکەی زاخۆ بە ئامادەبوونی جەماوەرێکی زۆر بەرێوەچوو.

لە دوو گێمی یەکەم و دووەمدا هەردوو تیم ئاستێکی زۆر باشیان پێشکەشکرد و رکابەرێکی بەهێز لەنێوانیاندا هەبوو و گێمەکە لە بەرژەوەندی باسکەی زاخۆ بە کۆکردنەوەی 32 خاڵ بەرامبەر 31 خاڵ بۆ دیجلە جامیعە کۆتاییهات.

لە هەردوو گێمی سێیەم و چوارەمدا دوو تیمەکە یاریەکی ئاگرینیان ئەنجامدا و رکابەرییەکی توند لەنێوانیان دا رویدا تا بە کۆکردنەوەی 76 خاڵ بۆ هەردوو تیمەکە کۆتاییهات و یاریەکە چووە پێنج خولەکی زیادکراو.

لە کاتی زیادکراودا، تیمی باسکەی زاخۆ ئاستێکی خراپیان پێشکەشکرد و دیجلە جامیعە توانی 13 خاڵی تر تۆماربکات و بە کۆکردنەوەی 89 خاڵ بە 80 خاڵ سەرکەوتن تۆماربکات.

ئەمە چوارەم یاری بوو لە خولی نایابی باسکەی عێراق لە زاخۆ ئەنجامبدرێت. باسکەی زاخۆ دوو یاری سەرکەوتووە و لە دوو یاریش دۆڕاوە.

پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر