نەخۆشییان هەیە

رۆژانە دەیان تۆن ماسی لە حەوزەکانی داقوق مردار دەبنەوە

964+

سیروان خورشید – دوزخورماتوو

ماوەی 10 رۆژە نەخۆشیی غڵاسم بەرۆکی ماسییەکانی داقوقی گرتووە و رۆژانە دەیان تۆن ماسیان لێ مردار دەکاتەوە، خراپییەکەی ئەوەیە هەرچی بەو نەخۆشییە تیابچێت بۆ خواردنیش ناشێت.

غڵاسم جۆرێکە لە ڤایرۆس کە کاریگەریی دەکاتە سەر گوێی ماسییەکە و بە زوویی تەشەنە دەسێنێ و لە ماوەیەکی کەمدا مردار دەبێتەوە.

پێشکەوت مەندیل، خاوەنی یەکێک لە حەوزە ماسییەکانی داقوق بە 964ـی وت، “رۆژانە دەیان تۆن ماسی تووشی نەخۆشییەکە دەبن و یەکەمجارە بەو جۆرە ماسی لەناو بچێت”.

وتیشی، “بژێویی ژیانی هەزاران خێران لەسەر ئەو حەوزە ماسیانەیە، چەندین جار سەردانی بەشی ڤێتێرنەریمان کردووە، لە بەرامبەردا ئەوانیش سەریان سوڕماوە لە دۆزینەوەی چارەسەر و پاراستنیان لەو جۆرە نەخۆشییە”.

964 پەیوەندی کرد بە سیروان عەبدولکەریم، بەرپرسی بەشی ڤێتێرنەریی کەرکوک، بەڵام ئامادەی روونکردنەوە نەبوو لەسەر بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە و وتی، “لە سەرووی خۆمانەوە رێگەپێدراو نین هیچ روونکردنەوەیەک لەوبارەیەوە بدەین”.

خاوەن حەوزە ماسییەکانی سنووری داقوق مۆڵەتی یەک مانگیان بۆ دیاری کرا، تا ماسییەکانیان لە بازاڕ ساغ بکەنەوە و حەوزەکانیان تێک بدرێت، بەڵام پێش هاتنی ئەو وادەیە بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە لە تەواوی حەوزە ماسییەکان زیانی زۆری بەو کەسانە گەیاند، کە بەخێوکەری ماسین.

لە سنووری قەزای داقوق چوار هەزار حەوزی ماسی بوونی هەیە، بە وتەی خاوەنی حەوزەکان ماوەی 10 رۆژە نەخۆشییەکە سەریهەڵداوە.

پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد

نەخۆشی لە حەوزەکانی ماسی پشدەر بڵاوبووەتەوە و هەزاران...

نەخۆشی لە حەوزەکانی ماسی پشدەر بڵاوبووەتەوە و هەزارانیان لێ مردوون