ترسی تەقینەوە هەیە

بەڕێوەبەری ناحیەی عەربەت بۆ 964: فوم لە بازاڕدا نەماوە و داوامان کردووە لە هەولێرەوە بیهێنن

964+
ئەحمەد مستەفا

بەڕێوەبەری ناحیەی عەربەت دەڵێت، ئەو فومەی هۆکاری یەکلاکەرەوەیە بۆ کوژانەوەی گڕی بەتینی رۆنی کارگەکە، پێمان نەماوە و بەرگریی شارستانی و کۆمپانیاکەش کڕیویانە و هەمووی سەرفکراوە، بۆیە بە ناچاری داواکراوە لە هەولێرەوە فوممان بۆ بهێنن.

ئاگری کارگەی کۆمپانیای زیلیۆن لە پاش کاتژمێر 4:00ی بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە هەڵگیرساوە، کەسێک مرد و سێ کەسی دیکە رێژەیەکی زۆری سووتاوییان هەیە، 964 دەزانێت کارمەندەکانی بەرگریی شارستانی کە ئاگرەکە دەکوژێننەوە، تا ئێستا سەلامەتن.

دابان محەمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی عەربەت ئەمڕۆ چوارشەممە بە 964ی وت، بۆ ئەوەی بتوانین ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەین، خۆڵ یان ئاومان کردووە بەو دەرچانەی دەبنە هۆکاری کەمبوونەوەی ئاگرەکە، بەرگری شارستانی و کۆمپانیاکەش فومیان کڕیوە و بەکارمان هێناوە، بەڵام تەواو بووە و نەکوژاوەتەوە.

بە وتەی بەڕێوەبەربەری ناحیەی عەربەت بێت، ئەو جۆرە فومە لە بازاڕدا کەمە، بۆیە داوایان کردووە لە هەولێرەوە بۆیان بهێنن، ئەوەشی وت،”سەرجەم کۆگاکانی کارگەکە لە ژێر زەویدان کە ئاگریان گرتووە، دوو تانکیش لە دەرەوەی کۆگاکان هەن و گومان دەکرێ نایترۆجینی تێدا بێت، تیمەکانمان ناتوانن زیاتر نزیک ببنەوە و لە هەر ئان و ساتێکدا ئەگەری تەقینەوەی هەیە”.

دابان محەمەد نیگەران بوو لەوەی ئەمە لە سنوری ناحیەکەیدا روویداوە و دووکەڵی رەشی قیرەکە، ئاسمانی ماڵ و دانیشتووانی ناوچەکەی تەنیوە، ئەوەی وت، “لە پاش کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە، نووسراو بۆ لایەنی پەیوەندیدار دەکەم، کە هەر پرۆژەیەکی سنوورەکە بەبێ دەزگای ئاگرکوژێنەوە مۆڵەتی پێ نەدرێت”، وەک خۆی وتی “ماقول نییە پرۆژە هەبێت بایی 25 ملیۆن دۆلار بێت و دەزگایەکی سەلامەتیی تۆکمە و مەرجەکانی سەلامەتی وەک پێویست نەبن.

کارگەکە کەوتووەتە، سەر رێگایەکی لاوەکی لە نزیک گوندی یەخی ماڵی لە عەربەت، بڕیارە وەک شاری پیشەسازی 63 پرۆژەی دیکە لە ناوچەکە دروست بکرێن، بەڕێوەبەری ناحیەی عەربەت بە 964 ی وت، “ناتوانین کاتی کوژانەوەی ئاگرەکە دیاریی بکەین، ئەوەشی دەوترێت لە بارەی رێژەی کۆنتڕۆڵکردنی راست نییە، بەڵام چاوەڕوانی ئەوەمان لە بەرگریی شارستانی هەیە لە زووترین کاتدا ئاگرەکە خامۆش بکەن”.

ئاگرەکەی عەربەت تەشەنەی کرد و ئەو دەورووبەرە چۆڵ دەکەن

ئاگرەکەی عەربەت تەشەنەی کرد و ئەو دەورووبەرە چۆڵ دەکەن