زانیارییەکان لای 964ە
“یانەی بروسک لە خولی پلە یەکی کوردستان دەکشێتەوە”
+964
هێژا خەسرەو ـ هەولێر
چەند رۆژێکە دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە یانەی بروسک لە خولی پلە یەکی کوردستاندا دەکشێتەوە، 964 بەدواداچوونی بۆ ئەم بابەتە کردووە و لە رێگەی سەرۆکی یانەکەوە زانیاری تەواو لەسەر کشانەوەی یانەکە دەخاتەڕوو.
محەممەد حەمەخان، سەرۆکی یانەی بروسک لە لێدوانێکدا بە 964ی راگەیاند: کشانەوەمان لە خولی کوردستان راگەیاندووە و ئەم هەواڵە راستە، هۆکارەکەشمان بۆ کێشەی دارایی دەگەڕێتەوە و پلانی درێژخایەنی یانەکەشمان هۆکارێکی دیکەیە بۆ ئەوەی چالاکییەکانمان رابگرین.
حەمەخان زیاتر دەڵێت: ئەو پارەیەی بۆ یانەکەمان ساڵانە بەردەست دەبێت زۆر کەمە، بە هیچ جۆرێک کار بۆ بەرەوپێشچوونی یانەکەمان ناکات، چونکە بەم بارودۆخە ناتوانین سەرکەوتن بۆ ریزی یانە نایابەکان مسۆگەر بکەین، چەند ساڵێکە هەر یەک پلان هەیە ئەویش مانەوەمانە لە ریزی پلە یەکەکان.
سەرۆکی بروسک ئاماژە بەوە دەکات، پلانی هەرە لەپێشیان نۆژەنکردنەوەی یاریگای یانەکەیانە، ئەوان کار بۆ ئەوە دەکەن یاریگە نوێ بکەنەوە و لەگەڵیدا یاریزان لە ئاستەکانی تازەپێگەیشتووان و لاوان پێبگەیەنن بۆ داهاتوو، چونکە سەردەمانێک بروسک قوتابخانەیەک بووە بۆ پێگەیاندنی یاریزانان.
بە پێی زانیارییەکانی 964 یانەی بروسک لە چەند رۆژی داهاتوودا بە نووسراوی فەرمی کشانەوەی خۆی لە خولی پلە یەک رادەگەیەنێت.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا