به‌ 50 رۆژ دێته‌ به‌رهه‌م

 “شێلم”ه‌كه‌ى به‌رده‌ڕه‌ش بازاڕى باشه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

ئه‌مساڵ جوتیارێك له‌ به‌رده‌ڕه‌ش زیاتر له‌ 30 دۆنم زه‌وى شێلمى چاندووه‌ و ده‌ڵێت، ره‌واجى باشی له‌سه‌ره‌.

جوتیاره‌كه‌ ناوى “حاجى هادی”یە، به‌ 964ـى وت، ئه‌مساڵ له‌ دوو شوێنى جیاواز شێلمى چاندووه‌  و به‌رهه‌مه‌كه‌ى باشه‌.

وتیشی “له‌ ناوچه‌كانى ئامیان و كانى ئه‌سپان 33 دۆنم شێلمم چاندووه‌ و ئێستا هاتووه‌ته‌ به‌رهه‌م”.

حاجى، ساڵى پار وه‌ك تاقیكردنه‌وه‌ 12 دۆنم زه‌وی به‌ شلێم چاندبوو، به‌ڵام كه‌ زانى به‌رهه‌مه‌كه‌ى باشه‌ بڕیاریدا ئه‌مساڵ زیاتر بچێنێت.

به‌ قسه‌ى ئه‌م جوتیاره‌ له‌ 10 دۆنم زه‌وى 15 تۆن شلێمى به‌رهه‌مهێناوه‌ و له‌ 33 دۆنمه‌ش چاندوویه‌تى، نزیكه‌ى 50 تۆن به‌رهه‌مى ده‌بێت.

حاجى هادى ده‌ڵێت، ئه‌مساڵ ته‌نیا پێنج كیلۆ تۆوى شلێمی چاندووه‌ و له‌ دواى چاندنیشی 50 رۆژى پێویسته‌ تا به‌رهه‌م دێت و ده‌خرێته‌ بازاڕاوه‌.

ئه‌و به‌رهه‌مه‌ى ناوبراو به‌ ته‌نیا له‌ سنوورى به‌رده‌ڕه‌ش ساغ نابێته‌وه‌ به‌ڵكو ده‌ینێرێته‌ عه‌لوه‌كانى هه‌ولێر و ده‌شڵێت “ره‌واجێكی زۆرى له‌سه‌ره‌”.