زانکۆی سۆران پێنجشەممان جلوبەرگی کوردی دەپۆشێت

+964

ئاسۆ وەرتی – سۆران

زانکۆی سۆران پێنجشەممانی کردووە بە رۆژی پۆشینی جلوبەرگی کوردی. بڕیارەکە هی ئەنجوومەنی زانکۆکەکەیە. دەڵێن؛ سەرەتا بڕیارەکە بۆ ئەنجوومەنەکەیە و ئارەزوومەندانەیە.

+964 دەزانێت, ئەنجوومەنی زانکۆی سۆران بڕیاریداوە هەموو پێنجشەممەیەک بە جلوبەرگی کوردییەوە دەوام بکرێت، هۆکارەکەشیان بۆ فەرامۆشنەکردنی نیشتیمانپەروەری و پۆشاکی کوردی.

د. شیروان شەریف، سەرۆکی زانکۆی سۆران سەبارەت بە بڕیاری ئەنجوومەنەکە بە +964ـی وت, لە پاڵ کاری پەروەردە و زانستدا ئەمجارەیان دروشمی رەسەنایەتی و کوردەواریمان هەڵگرتووە و ناکرێت کولتوور و نیشتیمانپەروەریمان پێ شەرم بێت.

“سەرەتا بڕیارەکە ئەنجوومەنی زانکۆ دەگرێتەوە، خۆم یەکەم کەس جێبەجێی دەکەم. بڕیارەکە ئارەزوومەندانەیە و هیوادارام مامۆستایان و خوێندکارانیش پێوەی پابەند بن”، د. شیروان شەریف وای وت.

زانکۆی سۆران لە ساڵی 2009 دامەزراوە، حەوت هەزار و ٥٠٠ خوێندکار تیایدا دەخوێنێت. زانکۆکە 25 بەشی زانستیی لە دەوامی بەیانیان و ئێواراندا هەیە. لە پێنج فاکەڵتی و یەک سەنتەری زانستی پێکدێت.