هەر لە ماڵەکەی خۆیان بووە

بکوژی داریوش و هاوسەرەکەی دۆزرایەوە

964+

بەهرە محەمەدئەمین

بکوژی سەرەکیی داریوش میهرجویی و هاوسەرەکەی ئاشکرابوو، بۆ شەش وەرەقە دۆلار ئەوانی کوشتووە و سەری بڕیبوون.

بکوژ باخەوانی پێشووی ڤێلاکەی داریوش بووە و لەگەڵ برایەک و دوو هاوڕێیدا تاوانەکەی ئەنجامداوە.

باخەوانە، کە داڕێژەری سەرەکیی پلانی کوشتنیان بووە، بە پۆلیسی وتووە، بەهۆی کینەیەکی کۆن و 30 ملیۆن تومەن قەرزی خۆی کە لای داریوش بووە  (600 دۆلار)، ئەم تاوانەی ئەنجام داوە.

هەفتەی رابردوو لاشەی داریوش و هاوسەرەکەی، وەحیدە موحەمەدیفەر، لە ڤێلاکەیان لە کەرەج لە حاڵێکدا لەلایەن (مونا) کچە حەڤدە ساڵانەکەیانەوە دۆزرانەوە، کە بە شێوەیەکی سامناک بە چەقۆ کوژرابوون.

لە لێکۆڵینەوەکاندا هیچ نیشانەیەک لە چوونەژوورەوە بە زۆر بۆ ناو ڤێلاکە نەبوو، ئاماژەکان وانیشان دەدەن داریوش خۆی دەرگاکەی بۆ بکوژان کردبێتەوە، واتە بکوژەکان ناسراو بوون و هاتوچۆ لە نێوانیاندا هەبووە، ئەمە بووە سەرەداوی دەستی پۆلیس.

ناسراویی نێوان بکوژو کوژراوەکان، کینە و دڕەندەیی لە شێوازی کوشتنەکە، کە دەگوترێت سەربڕا بوون، ئاماژە بوو کە هۆکارەکە تۆڵەکردنەوە بووە .
پۆلیس کەوتە دۆزینەوە و دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی کە ناکۆکیان لەگەڵ کوژراواندا هەبووە، دەرکەوت دوو هەفتە بەر لە رووداوەکە کەسێک بە چەقۆ هەڕەشەی لێکردوون.

24 کاتژمێرێک دوای روەداوەکە پۆلیس کەسێکیان دۆزییەوە، کە چەند ساڵ لەمەوبەر باخەوانی ڤێلاکەی میهرجویی بووە و بەهۆی دزیکردنەوە لە کارەکەی دوورخراوەتەوە و هەر لەو کاتەوە ناکۆکی کەوتوەتە نێوانیان.
بە گەڕانەوە بۆ دۆسیەی باخەوانەکە دەرکەوت، بەهۆی دزینی گسکێکی کارەباییەوە ماڵی داریوش سکاڵایان لەسەر تۆمار کردووە، چونکە گسکەکەی فرۆشتوە و دەستگیر کراوە و ماوەیەک لە زیندان بووە.
دوای ئازادبوونی باخەوانەکە بانگەشەی ئەوەی کردووە 30 ملیۆن تومەن قەرزی ماوەی کارکردنی لای داریوشە، بەڵام داریوش و خێزانەکەی رەتیان کردووەتەوە.

باخەوانەکە خێزاندارە و منداڵی هەیە، لە فەروخ ئاوا دەژی، کاتێک پۆلیس چووەتە ماڵەکەی لەوێ نەبووە و بە دەر و دراوسێیان گوتووە دەڕوات بۆ هەندەران، بەڵام سەرئەنجام لە حەشارگەی هاورێیەکی کە پاسەوانی باڵەخانەیەکی تەواونەکراوە، دۆزرایەوە و دەستگیرکرا.

بکوژ چی دەڵێت؟

باخەوانەکە بەمجۆرە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە، “دوای ئەوەی بە سکاڵای ماڵی میهرجویی دەستگیرکرام، کینەیەکی زۆر چووە دڵمەوە، ئەوان لەسەر گسکێکی کارەبایی لێم خۆشنەبوون، کە ئازادبووم چوومەوە بۆ لایان تا ئەو 30 ملیۆن تومەنەم بدەنەوە، بەڵام نکولیان لێکرد قەرزارم بن و ئامادە نەبوون بمدەنەوە، بۆیە پلانی کوشتنیانم داڕشت.
شەوی رووداوەکە لەگەڵ براکەم و دوو هاورێی دیکە چووینە ڤێلاکە، کە داریوش دەرگای کردەوە من هێرشم بۆ برد و بە دار لێمدا، براکەم و هاوڕێکەشم چوونە ژوورەکە و هاوسەرەکەیان گرت، ئەوان هاوسەرەکەی و منیش خۆیم دایە بەر چەقۆ، کە دڵنیا بووینە هەردووکیان مردوون، بازن و زێڕی هاوسەرەکەی و مۆبایل و شتەکانی دیکەمان دزی، زێر و چەقۆ و شتە دزراوەکانم دایە دەست هاوڕێکەم تا هەڵیبگرێت و ئینجا هەرکەس گەڕایەوە ماڵی خۆی.

داریوش تەمەنی 84 ساڵ بوو، یەکێکە لە دەرهێنەرە ناودارەکانی سینەمای ئێران و نووسەر و وەرگێڕ بوو، هاوسەرەکەشی 54 ساڵ بوو.

داریوش و ژنه‌كه‌ی به‌ سه‌ربڕاوی دۆزرانه‌وه‌

داریوش و ژنه‌كه‌ی به‌ سه‌ربڕاوی دۆزرانه‌وه‌