دیمەنی یاری نێوان یانەی سلێمانی و جەیش.وێنە.964
لە خولی عێراق یانەی سلێمانی شکستی بە جەیش هێنا
964+
یادگار محەمەد – سلێمانی
لە خولی تێنسی سەرمێزی یانە پلە نایابەکانی عێراق، یانەی سلێمانی سەرکەوتنێکی گرنگی بەسەر جەیشدا تۆمارکرد.
لەناو هۆڵی فایەق قەساب لە شاری سلێمانی و لە چوارچێوەی رکابەرییەکانی گەڕی دووەمی قۆناغی هەشتی خولی تێنسی سەرمێزی یانە پلە نایابەکانی عێراق، یانەی سلێمانی میوانداری جەیشی شاری بەغدای کرد.
هەر لە سەرەتاوە یاریەکە ئاستێکی بەرزی وەرگرت و رکابەری بەهێزی تیادا دەکرا، هەرچەندە یانەی جەیش بە یاریزانێکی پیشەگەری وڵاتی ئێران هەوڵیاندا بردنەوە دەستەبەربکەن, بەڵام ژیار نەوزاد و ئەنوەر موئەید و ئەمیر سامر یاریزانانی یانەی سلێمانی لە رۆژی خۆیاندا بوون و توانیان یاریەکە بە سێ سێت بەرامبەر بە دوو سێت بە سودی خۆیان یەکلایی بکەنەوە.
دوای یارییەکە حسێن عومەر راهێنەری یانەی سلێمانی بە 964ـی وت، تاکە یانەن کە لەم قۆناغەدا یاریزانی پیشەگەریان نییە، لەگەڵ ئەوەشدا حسابێکی زۆر بۆ ناوی یانەکەیان دەکەن.
وتیشی، هەرچەندە تیپی بەرامبەر زۆر بەهێزبوون، بەڵام یاریزانەکانی لە یاریەکەی ئەمڕۆدا ئاستێکی بەرزیان پێشکەش کردو ئەم بردنەوە گرنگەیان بەدەستهێنا.
بەم سەرکەوتنە یانەی سلێمانی یەکەم سەرکەوتنی لەم قۆناغەدا دەستەبەرکرد و بووە خاوەنی یەکەمین سێ خاڵ، لە گەڕی سێیەمی خولەکەش هەفتەی داهاتوو لە یاریگای خۆی رووبەڕووی گازی باشور دەبێتەوە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی