هەژماری من چییە؟
ئەو هەژمارەی کە 100 هەزار موچەخۆری تێدا تۆمارکرا چییە؟
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
حکومەتی هەرێمی کوردستان نزیکەی 100 هەزار فەرمانبەری لە پرۆژەی “هەژماری من” تۆمارکردووە و ئەمانە لەمەودوا موچەکانیان بە کارتی بانکی وەردەگرن و پێویست ناکات بچنە سەرەی موچەوە.
پرۆژەی “هەژماری من” ئاسانکاری دەکات بۆ فەرمانبەرانی کەرتی گشتی بۆ دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە بانکییە مۆدێرنەکان، لەوانەش قەرز، پاشەکەوتکردن و پارەدانی دیجیتاڵی.
هەر فەرمانبەرێک لەو پرۆژەیە تۆمارکرابێت، “دەتوانێت بەشێوەیەکی پارێزراو و شەفاف، لە رێگەی تۆڕێک لە ئامێری پارە (ATM)ەوە کە زیاتر لە هەزار بنکە لە تەواوی هەرێمی کوردستان دادەنرێت، دەستیان بە مووچەکانیان بگات”، حکومەتی هەرێم وا دەڵێت.
پرۆژەکە پشتبەستن بە مامەڵەی کاش کەمدەکاتەوە وکارایی حکومەت و شەفافیەت زیاتر دەکات.
“هەروەها لەو رێگەیەوە دەتوانرێت پارە بدرێت بۆ کڕینی کاڵا و خزمەتگوزارییە ئۆنلاینەکان و حەواڵە لە نێوان هەژمارە جیاوازەکان و وەرگرتنی حەواڵەی نێودەوڵەتی بێ ئەوەی پێوست بە سەردانی نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراو بکات”، بەپێی راگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێم.