پردی سازان لە هەڵەبجە دروست ناکرێت
+964
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
چوار ساڵە دانیشتوانی هەڵەبجە چاوەڕێی دروستکردنی پردێکن تا لەگەڵ ئیدارەی گەرمیان بەیەک بگەن، ئەگەرچی لەم کۆتاییانەدا خەریک بوو پێی بگەن، بەڵام وەک ئیدارەی پارێزگاکە دەڵێت وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بوو بە دڕکی نێوانیان.
پڕۆژەکە بریتییە لە دروستکردنی پردی تووەقوت و پردی سازان، کە ئیدارەی گەرمییان و پارێزگای هەڵەبجە بەیەکەوە دەبەستێتەوە و لە ساڵی ٢٠١٨ـەوە بڕیاری جێبەجێکردنی دراوە.
دروستکردنی پردەکە لەسەر رووباری سیروان دەبێت، بەدیاریکراویش لە ناوچەی تەنکی سەید محەمەد.
“ئەم ماوەیە خەریک بوو جێبەجێ بکرێت و درا بە دوو کۆمپانیا، بەڵام وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە تەندەرەکانی گۆڕین و دەرکەوت دروستکردنی پردی سازان لە پڕۆژەکە دەرهێندراوە”، کاوە عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە وای بە +964 وت.
دەشڵێت، بودجەی پڕۆژەکە لە ٢٨ ملیار دینارەوە بۆ سەر و ٣٠ ملیار دینار زیادکراوە، بەڵام دروستکردنی بەشێکی پڕۆژەکەی لێ دەرهێندراوە.
زانیارییەکانی پارێزگای هەڵەبجە ئاشکرای دەکەن، لە کۆی ٣٥ پڕۆژەی خزمەتگوزاری کە بۆ پارێزگاکان دەرچووە، بودجە بۆ هەشتیان خەرجکراوە، بەڵام بە بۆنەی نەبوونی پارەی نەختینە لە بانکەکان ئەوانیش مەترسیی وەستانیان لەسەرە.
کاوە عەلی دەشڵێت، پێشتر حەوت کۆمپانیا ئامادەبوون بەو پارەیە کەمتر پڕۆژەکە جێبەجێ بکەن بە دروستکردنی پردی سازانیشەوە، “بەڵام پڕۆژەکەیان نەدراوەتێ.”
+964 چەند جارێک پەیوەندیی بە دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی هەرێمەوە کرد، بەڵام ناوبراو وەڵامی پەیوەندییەکانی نەدایەوە.