ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە سلێمانی نمایش کرا
+964
دیلان محەمەد جەزا
کۆمپانیایەک لە شاری سلێمانی بۆ یەکەمجار بە فەرمی ئۆتۆمبێلی کارەبایی جۆری ئۆرای هێناوە، دەتوانرێت بە کارەبای موەلیدەش بارگاوی بکرێتەوە.
رەفعەت زراری بەڕێوەبەری فرۆشتنی کۆمپانیای نەهز ئەلعراق بە 964 وت، ئۆتۆمبێلەکە یەکەمجارە لە پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی نمایش دەکرێت، کە دۆستی ژینگەیە و بە وزەی خاوێن کار دەکات.
وتیشی، ماوەی ساڵێکە لە سەرجەم وەرزەکاندا لە کوردستان و لە زۆرێک لە ناوچەکانی عێراقدا تاقیکراوەتەوە.
ئۆتۆمبێلەکە دوو جۆر کێبڵی بارگاویکردنەوەی لەگەڵە، یەکێکیان دەتوانرێت لە پلاکی ئاسایی ببەسترێت و توانای کارەباکە هەرچەندێک بێت خۆی دەگونجێنێت و بە هەشت کاتژمێر بارگاوی دەبێتەوە، جۆرێکی دیکەیان فاست چارجە و پێویستی بە نزیکەی 13 ئەمپێرە.
لە ئۆتۆمبێلەکەدا کامێرایەک هەیە چاودێریی چاوی شۆفێر دەکات، بۆ ئەوەی بزانێت شۆفێرەکە لە چ دۆخێکدایە خەوی دێت یان ئاساییە، لە هەمانکاتدا بۆ ماوەی هەشت ساڵ گرەنتی دەکرێت، هەر پاتریەکی تێکبچێت بە خۆرایی بۆی دەگۆڕدرێت.
لە ئۆتۆمبێلەکەدا سیستمی ئۆتۆ پایلۆت بەکارنەخراوە، بەهۆی نەبونی هێڵی شەقامەکان و نەبوونی سیستمێکی رێکخراو لەسەر شەقامەکان.
بە وتەی بەڕێوەبەری فرۆشتنی کۆمپانیاکە، ئەو ئۆتۆمبێلانەی گەیشتوونەتە عێراق رێژەیەکی زۆری لێ فرۆشراوە.
به پێی زانیارییهكانی 964 نرخی ئهو ئۆتۆمبێله نزیكهی 30 ههزار دۆلاره.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا