ویستوویانە سەربازگەیەک بکەنە ئامانج
هێزەکانی ئەمریکا دوو درۆنیان لە ئەنبار خستە خوارەوە
964+
عادل کانەبی
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، هێزەکانی سوپای ئەمریکا لە سەربازگەی عەین ئەسەدی پارێزگای ئەنبار، دوو درۆنیان خستووەتە خوارەوە، بەڵام نازاندرێت سەرچاوەی درۆنەکان کوێیە.
سەرچاوەیەکی ئەمنی بە ئاژانسی رۆیتەرزی وت، تا ئێستا سەرچاوەی هێرشەکە دیار نییە، بەڵام ئەم هێرشە هاوکات بووە لەگەڵ شەڕی حەماس و ئیسرائیل.
وتیشی، لە ماوەی رابردوودا هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لە ئامادەباشیدابوون بەهۆی جموجۆڵی گروپە چەکدارییەکانی نزیک لە ئێران.
تائێستا سوپای ئەمریکا و دامەزراوە فەرمییەکانی هیچ قسەیەکیان لەبارەی خستنە خوارەوەی ئەو دوو درۆنەوە نەکردووە.
ئەم هێرشە درۆنییە دوای ئەوە هات کە شەوی رابردوو نەخۆشخانەی غەزە بۆردومان کرا کە بووە هۆی کوژرانی سەدان کەس و هەر دوای بۆردوومانەکە ئیسرائیل رەتیکرردەوە کە ئەو بۆردومانەکەی کردبێت.
بنکەى سەربازی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبارە، 180 کیلۆمەتر لە خۆرئاواى بەغداوە دوورە، یەکێکە لە بنکەکانى سوپاى ئەمریکا لە عێراق.