ژینا ئەمینی و پارێزەر ساڵح نیکبەخت _ گرافیک: 964
بە کەفالەت ئازادکرابوو
پارێزەرەکەی ژینا ئەمینی بەرەو زیندان گواسترایەوە
964+
ئەحمەد مستەفا
ساڵح نیکبەخت، یاساناس و پارێزەری خانەوادەی ژینا ئەمینی، بە تۆمەتی بانگەشەی دژ بە حکومەت لە لایەن لقی 28ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانەوە، سزای ساڵێک بەندکردن و دوو ساڵ قەدەغەبوونی چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەک سزای تەواوکەر بە سەردا سەپێندرا.
حوکمی زیندانی ساڵح نیکبەخت لە کاتێکدا دەرچووە، کە 13 مانگ بەسەر کوشتنی ژینا ئەمینی تێپەڕیوە، تا ئێستاش مامەڵە لەگەڵ سکاڵای بنەماڵەی ئەمینی لە دژی بکەرانی کوشتنی منداڵەکەیان نەکراوە.
بەگوێرەی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە بەهۆی ئامادەبوونی عەلی رەزایی پارێزەری ساڵح نیکبەخت، حوکمەکەی ساڵح نیکبەخت دەرچوو.
عەلی رەزایی ئاماژەی بەوە کرد، “دادگا بەبێ گوێدانە بەرگرییەکانی من و کاک نیکبەخت، زۆرترین سزای بۆ ئەم تۆمەتە دیاری کردووە، کە ساڵێک زیندانیکردنە، ئەوەش سزای زیادە بووە و بەسەریدا سەپاندووە”.
پێشتر ساڵح نیکبەخت بە ئامادەبوونی لە لقی 2ی داواکاری گشتی و شۆڕشی تاران بە “پڕوپاگەندە دژی حکومەی” تۆمەتبار کرا و بە کەفالەت بۆ ماوەیەکی کاتی ئازاد کرا، بەڵام لە دانیشتنی دووەمدا نۆ تۆمەتی لەلایەن لایەنی سکاڵاکارەوە ئاڕاستە کرا.
کەیسێکی هاوشێوەی ژینا ئەمینی لە ئێران دووبارە دەبێتەوە
ساڵح نیکبەخت، فەقێ و پارێزەری تەمەن 73 ساڵە و زیاتر لە چوار دەیە ئەزموونی یاسایی لە ژیانی پیشەیی خۆیدا هەیە، نوێنەرایەتی زۆر دۆسیەی سیاسی و رۆژنامەوانی کردووە، لەوانە دۆسیەی چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کورد و تورک و عەرەب و زیندانیان.
بە پێی ڕاپۆرتی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، ساڵح نیکبەخت بە تۆمەتی بەدواداچوون و بانگهێشتکردن و دەرچوون لە وڵاتەکەی قەدەغەکراوەکان، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە و نزیکەی هەشت ساڵی تەمەنی بە تۆمەتی سیاسی لە زینداندا بەسەر بردووە.
هەروەک لە ژیانی پیشەیی خۆیدا، ژیانی نزیکەی 30 زیندانی سیاسی رزگارکردووە، کە لە ماوەی پارێزەرایەتیدا سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە.